نرخی نەوت بەرزبوەوە

لڤین:
بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەهاکەی نزیک بووەتەوە لە ٧٢ دولار.
بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی بۆرسەی جیهانیدا بەهای یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە ٧١ دۆلار و ٥٢ سەنت و نەوتی ئەمریکیش بە ٦٩ دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەهای نەوتی برێنت لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩وە ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە، یەکەم جارە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی نەوت بگاتە ئەو ئاستە، دوای ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوەوە بەهای یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە خوار ٢٠ دۆلارەوە و نەوتی ئەمریکیش گەیشتە سفر دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی هەیە بە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 01-06-2021ی ئۆپێک پڵەس و هاوپەیمانەکانی کە تیایدا رازیبوون بەوەی درێژە بەو رێککەوتنەی ئێستایان بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە رۆژێک پێشتر کۆتاییهاتبوو.