بۆ ١٥ ڕۆژی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ لە خاڵی سنوری باشماخ درێژکرایەوە

لڤین:

لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، خاڵی سنوری باشماخ بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە، هاوڵاتییان تەنها دەتوانن بەبوونی بەڵگە نامەیەکی پزیشکی کە، بیسەلمێنێت بۆ چارەسەری پزیشکی دەچن، دەتوانن لە خاڵە سنورییەکەوە هاتوچۆبکەن، لەگەڵ ئەوەش ڤیزای بازرگانی و هۆکاری بەردەوامیدان بەخوێندن یەکێکی دیکەیە لە ڕێگەدانەکان بۆ هاتوچۆ.

ئەمڕۆ ( پێنچ شەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) محەمەد ئیبراهیم زراعی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاسایش و کۆمەڵایەتی، بەمیدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند،” بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەی زۆرتری کۆرۆنای گۆڕاو، قەدەغەی هاتوچۆ لە سنوری باشماخەوە تا ١٥ ڕۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەیشداوە،” بڕیارەکە لە خاڵە سنورییەکانی عێراقیش جێبەجێدەکرێت و حکومەتی ئێران جارێ دڵنیانییە لە کردنەوەی دەروازەکان بۆ گەشتیاران، بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ناوچەکەدا”.

ڕایشیگەیاندووە،” ئەگەرچی ماوەی چوار مانگ زیاترە قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە خاڵی سنوری باشماخ بەردەوامی هەیە، بڕیاربوو دوای کەم بوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا، خاڵە سنورییەکان بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دڵنیاییە ڕوینەداوە”.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاشکرایشیکردووە،” قەدەغەکە ئەو شۆفێرە عێراقیانەش دەگرێتەوە کە، ترانزێتیان هەیە و ڕێگە بەوانیش نادرێت بچنە ناو خاکی ئێرانەوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button