ئەو کۆمپانیای وردبینی نەوتی هەرێم دەکات بەهۆی تێوەگلانی لەگەندەڵی ٨٠ ملیۆن دۆلار سزادرا

لڤین:

کۆمپانیای دیلۆیت یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ژمێریارییەکان لە جیھانداو نووسینگەی سەرەکی لە نیۆیۆرکە، بەپێی پێناسەی کۆمپانیاکە لە پۆرتاڵەکەیدا، ٢٤٤ ھەزار کەس لە لقە جیاوازەکانی ئەو کۆمپانیایە لە زیاتر لە ١٥٠ وڵات و ناوچەی جیھان کار دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٦ قازانجی ئەو کۆمپانیایە ٣٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی گرێبەستێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم  لە رۆژی ( ٥ی ١٠ی ٢٠١٦ ) واژۆکرا كۆمپانیای دیلۆیت،كاری‌ وردبینیی له‌كەرتی نەوت‌و گاز لەهەرێمی كوردستاندا ده‌كات و ساڵانە بە ڕاپۆرتێک یاخود دوو ڕاپۆرت ئامارەکانی نەوتی هەرێم دەخاتەڕوو.

گەرچی حکومەتی هەرێم وردبینکردنی دیلۆیتی بەهەنگاوێکی گەورەی شەفافییەت وەسفدەکات بەڵام بەشێک لەچاودێرانی کەرتی نەوت و غاز پێیانوایە وردبینیەکانی دیلۆیت هیچ کاریگەریەکی لەسەر شەفافبوونی کەرتی نەوتی هەرێم نەبووە و داتاکانیان سنوردارە.

ئەمڕۆ ( پێنچ شەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ )، وەزارەتی دارایی مالیزیا رایگەیاند،” لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا، کۆمپانیای دیلۆیت ٨٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە حکوومەتی مالیزیا”.

ئاماژە بەوەیشدراوە،” دەرکەوتووە کۆمپانیای چاودێری نێودەوڵەتیی دیلۆیت، پەیوەندی هەیە بە گەندەڵی سندوقی گەشەپێدانی گشتیی ( 1MDB ) لە مالیزیا کە ناوی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، نەجیب رەزاق-یشی تێوەگلاوە، قەرەبووکردنەوەی حکوومەتی مالیزیای پەسەند کرد و بەبڕی ٨٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووەکەی کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیشکراوە،”  کە حکوومەت بەردەوامە لە دانوستانەکانی قەرەبووکردنەوە لەگەڵ کۆمپانیای پشکنینی نێودەوڵەتی (KPMG) کە ناوەندەکەی لە بەریتانیایە و دەرکەوتووە پەیوەندی بە گەندەڵیەکی سندوقی گەشەپێدانی گشتیی (1MDB) هەیە”.

هەروەها حکوومەت لە ٢٢ی کانوونی دووەمدا، ئاماژەی بەوە کردبوو کە تێکڕا بڕی ٣،٨ ملیار دۆلار کە لە سندوقی گەشەپێدانی گشتییەوە برابووە دەرەوەی وڵات، دووبارە گواستراوەتەوە بۆ وڵات.

سندوقی (1MDB) کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووی مالیزیا، نەجیب رەزاق-ەوە دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٥دا گەندەڵی تیایدا بووە رۆژەڤ، مەزندە دەکرێت ٤،٥ بۆ حەوت ملیار دۆلاری لە سندوقی گەشەپێدانی گشتییەوە برابێت.

جێگەی ئاماژە پێدانە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی مالیزیا، نەجیب رەزاق کە لە گەندەڵییەکەوە تێوەگلاوە، بە ١٢ ساڵ زیندانی و ٢١٠ ملیۆن رینگیتی مالیزی (نزیکەی ٥٢ ملیۆن دۆلار) سزا درا و مالیزیاش بەردەوامە لەسەر گەڕان بەدوای پارەی سندوقەکەدا لە ١٢ وڵاتدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button