ئاماری ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ توركیا له‌ هه‌رێم ڕاگەیەندرا

لڤین:

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی‌ ( CPT )ی‌ ئه‌مریكی‌، ئەمرۆ ( پێنج شەممە، ٣ی ئایاری ٢٠٢١ ) له‌ راپۆرتێكدا داتا و ئاماری چل ڕۆژی ڕابردووی ئۆپه‌راسیۆنی چنگی- ھه‌وره‌ بروسكه‌ی سوپای‌ توركیای‌ بڵاوكرده‌وه‌ و نه‌خشه‌ی فراوانكردنی ھه‌ژموونی سوپای توركیای له‌ خاكی ھه‌رێمی كوردستاندا خسته‌ڕوو:

به‌گوێره‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا له‌ ھه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی چنگی-  ھه‌وره‌ بروسكه‌دا، چوار باره‌گای سه‌ربازی تورك به‌ پانتایی ناوچه‌ شاخاویه‌كانی زناری كێسته‌، كه‌فره‌ سۆر، مه‌لا ردی و ده‌رارێ جێگیر كراون.

رێكخراوه‌كه‌ ڕایشیگەیاند، “له‌ ماوه‌ی ٤٠ رۆژی رابردووی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ سوپای‌ توركیا ١٦ گوند له‌ ناوچه‌ی ئاڤاشین و ٥ گوند له‌ سنوری ناحیه‌ی كانی ماسێ به‌ھۆی بۆردوومانه‌كان چۆڵكراون و به‌مه‌ش نزیكه‌ی ٣٠٠ خانه‌واده‌ له‌ ھه‌ردوو ناوچه‌كه‌ ئاواره‌بوون”.

هەروەها ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌،” له‌ ٩ ڕۆژی سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، هه‌زار و ٣٠٠ پوره‌ی ھه‌نگی ھه‌نگه‌وانانی گوندنشینانی كانی ماسێ و ئاڤاشین له‌ناوچوون. له‌ ماوه‌ی ٤٠ ڕۆژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا حه‌وت هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی به‌ھۆی بۆردوومانه‌كانه‌وه‌ سوتاون”.

ڕێکخراوەکە ڕونیشیکردەوە، “له‌ ماوه‌ی یه‌ك ھه‌فته‌ی ڕابردوودا و به‌ھۆی ئۆپه‌راسیۆنی چنگی ھه‌وره‌ بروسكه‌، ٤ ھاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌ سنوری ناحیه‌ی كانی ماسێ و زاخۆ برینداربوون”.

باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌، “به‌ھۆی بۆردوومانه‌كانه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئاو له‌ گوندی ئه‌دنێ له‌ ناحیه‌ی كانێ ماسێ كه‌ ئاوی ٩ گوندی تری دابین ده‌كرد، وێران بوو”.

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەیشداوە، “خانوو ماڵی ھاوڵاتیان له‌ ناوچه‌ی ئاڤاشین و سنوری ناحیه‌ی كانی ماسێ زه‌ره‌ر و زیانی به‌ركه‌وتووه‌ و له‌ گوندی میسكه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی كانی ماسێ كه‌نیسه‌یه‌ك به‌ ئامانج گیراوه‌ و بۆردوومان كراوه‌”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button