مەرج بۆ وێنەگرانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دادەنرێت

لڤین:
لقی سلێمانی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان، کۆمەڵێک مەرج بۆ وێنەگرانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دادەنێت و داوادەکات وێنەگران پیوەی پابەندبن.
جەمال ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان – لقی سلێمانی، بە نوسراوێکی فەرمی ئەو وێنەگرانەی لە ڕێگەی پەیج و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە کاری وێنەگرتنی وێنەی بوک و زاوا و ئاهەنگ دەکەن، ئاگادار دەکاتەوە کە “کارکردن بەبێ مۆڵەت قەدەغەیە، هەروەها نابێت وێنەکان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە”.
هەر لە ئاگادارییەکەدا هاتووە: “هەر وێنەگرێک لە شوێنە کلتووریی و شوینەوارەکان وێنەبگرێت دەبێت پێشوەختە مۆڵەتی هەبێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی رێککاری یاسایی دەبێتەوە”.
لقی سلێمانی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان، لە نوسراوەکەدا ئاماژەی بەوەشداوە کە “دەبێت ئەو وێنەگرانە لە ماوەی 7 ڕۆژدا سەردانی کۆمەڵەی وێنەگران بکەن بە پێچەوانەوە پەیجەکانیان رووبەڕووی لیژنەکانی قائیمقامیەت و یاسا دەکرێنەوە”.