ئەو پێشمەرگە کەم ئەندامەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر ١٥٠ دۆلاریان لێسەند ڕونکردنەوە دەدات

لڤین:

پاش ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوپێش هاووڵاتیەک بە ناوی کامەران محموود کە پیشەی پێشمەرگە بوو خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، لە ڕؤنکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند کە لە فڕۆکەخانەی هەولێر کاتێک ویستویەتی بگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا هەرچەندە دووبرایشی لەگەڵ بووە بەڵام کارمەندانی کۆمپانیای فلای هەولێر بڕی ١٥٠ دۆلاریان لێسەندووە لەبەرامبەر سەرخستنی بۆ ناو فڕۆکەکە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

فڕۆکەخانەی هەولێریش لە ڕوونکردنەوەیەکدا بابەتەکەی پشت ڕاست کردەوە و ڕایگەیاند،” بڕیار دراوە کە کۆمپانیای ناوبراو سزا بدرێت و بڕە پارەی وەرگیراو لە پێشمەرگەکە بدرێتەوە”.

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) کامەران مەحموود، پێشمەرگەی خاوەن-پێداویستی تایبەت ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند،” ئەوەی کە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر وتی کە گوایە کۆمپانیای فلای ئەربیل سزا دراوە بە ٢٥٠٠دۆلارو ئەم بڕە پارەیەش دراوە بە من تەواو دورە لە راستیەوە”.

هەروەها ڕایشیگەیاندووە، “نەک هەر ٢٥٠٠دۆلار تەنانەت ئەو ١٥٠ دۆلارەی خۆشمیان نەداوەتەوە کە بە زۆر لێیان سەندووم”.

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌:

من کامەران مەحموود، پێشمەرگەی خاوەن-پێداویستی تایبەت کە لە رۆژی 27\5\2021 لە فڕکەخانەی هەولێر بە زۆر 150دۆلاریان لێسەندم، بە پێویستم زانی ئەم رونکردنەوە بۆ رای گشتی بڵاوبکەمەوە چونکە وتەکانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکەی هەولێر و بەرپرسانی کۆمپانیای فلای ئەربیل و وەکیلەکەیشی (دیار تراڤڵ) نەک هەر دور بوون لە راستیەوە، بەڵکو بڕێکی زۆر چەواشەکاریشی تیابوو. تەنها دەیان ویست گەندەڵیەکەی خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن، نەوەک داوای لێبورن لە من بکەن وکۆتایی بهێنن بە وەرگترنی پارەی زۆرەملێ لە گەشتیارو کەم-ئەندامان.

یەکەم: ئەوەی کە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر وتی کە گوایە کۆمپانیای فلای ئەربیل سزا دراوە بە 2500دۆلارو ئەم بڕە پارەیەش دراوە بە من تەواو دورە لە راستیەوە. نەک هەر 2500دۆلار تەنانەت ئەو 150 دۆلارەی خۆشمیان نەداوەتەوە کە بە زۆر لێیان سەندووم.

دووەم: دوو رۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی کۆمپانیاکە (کە کۆمپانیای دیار تراڤڵەو بۆ فلای ئەربیل کار دەکات) تەلەفۆنیان بۆ کردم بۆ ئەوەی بێنە لام و داوای لێبوردن بکەن، منیش وتم باشە ئەگەر بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن، بەڵام ئەوان دەیانویست من ئیستغلال بکەن و بە ڤیدیۆ-لایڤی فەیسبووک قسەی خێر بۆ کۆمپانیاکەیان بکەم و گەندەڵیەکانیان بۆ پەردەپۆش بکەم و بڵێم ئەو کێشانە روینەداوە، لەبەرامبەردا وتیان هەموو ساڵێک تکتێکی بێبەرامبەرت بۆ دابین دەکەین گەر ئەمە بکەیت. من ئەمەم قبوڵ نەکرد چونکە زۆر بە کارێکی ناپرۆفێشناڵ و نزمم زانی. ئەوان هەڵەیان کردووە بەرامبەر بە من دەبێت هەڵەکەی خۆیان چارەسەر بکەن. من تکتی بێ بەرامبەری ئەوانم ناوێت و لەم پرسەدا تەنها مەبەستم ئەوەیە کە واز بهێنن لە پارە لەخەڵک سەندن بەزۆر و دوور لە هەموو رێکارە یاسایی و ئیداریەکان.

سێهەم: دەربارەی ئەوەی کە بەڕێوەبەری فڕکەخانەکە وتوویەتی ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە لەوەی کە من پێویستم بە کورسی کەم-ئەندامی هەیە. من بەڵگەم هەیە کە رۆژی 29\4\2021وێنەی تکتەکەو پاسەپۆرتی خۆمم بۆ ناردوون. ئینجا لە رۆژی 20\4\2020 ( 37رۆژ پێش ئەوەی 150دۆلارەکەم لە فڕۆکەخانە لێبسێنن) ئەوانم ئاگادارکردۆتەوە کە خاوەن-پێداویستی تایبەتم، ناسنامەی کەم-ئەندامی خۆمم بۆ ناردوون، هەروەها ناسنامەکەم ئەوە روندەکاتەوە کە من 100% کەم ئەندامم (هەموو ئەم بەڵگانە هاوپێچکراون لەگەڵ ئەم نوسینە). هەربۆیە، هەموو ئەو بیانوانەی کە خستویانەتە روو بۆ وەرگرتنی ئەو 150 دۆلارە بێ بنەمایە.

چوارەم: ئەوانەی کە 150دۆلارەکەیان لە من سەند کارمەندانی کۆمپانیای فلای ئەربیل بوون. ئەوان بە روونی پێیان وتم گەر ئەم پارەیە نەدەم ناهێلن سوار فڕۆکەکە ببم و تکتەکەم دەفەوتێت. تەنانەت ماوەیەکی زۆر مشتومڕم لەگەڵ کردن و هەوڵمدا تێیان گەیەنم کە ئەوەی ئەوان دەیکەن نادروست و ناڕەوایە، ئەوانیش هەموو جارێک تەلەفۆنیان دەکرد بۆ بەڕێوەبەرەکەیان و دواتر سورتر دەبوون لەسەر ئەوەی کە پارەکەم لێوەربگرن.

پێنجەم: ئەو ئۆتۆمبیلەی منیان پێ گواستەوە بۆ ناو فڕۆکەکە هیچ تایبەتمەندی و خزمەتگوزاریەکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی تیا نەبوو. تەنانەت کارمەندەکانیشیان خەڵکی بیانی و ئاسیایی بوون و هەر لە زمانی کوردی تێنەدەگەیشتن.

شەشەم: لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی کۆمپانیاکە هەرچی پەیوەندییان بە منەوە کردووە تەنها بۆ ئەوە بووە کە من بێدەنگ بم و ئەوان بەردەوام بن لەسەر ئەم جۆرە کارانەیان، نەک ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوەو بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن. بۆیە من تا 48 سەعاتی تر دەوەستم ئەگەر بە فەرمی داوای لێبوردنم لێ نەکەن لە ئەڵمانیا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button