بەختیار شاوەیس وەڵامی پارێزگاری دهۆک دەداتەوە

لڤین:
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی پارێزگاری دهۆک دەداتەوە و دەڵێت، ئەگەر عەشیرەتێک دارستانەکانمان ببات دام و دەزگاکانی حکومەت کاریان چی بێت؟ یەگەر واش نەبێت ئەوە مانای وایە دەیانەوێت پەردەپۆشی تاوانەکانی تورکیا بکەن.
بەختیار شاوەیس، رایگەیاند: پارێزگاری دهۆک دەڵێ زانیاریمان هەیە کە چەند عەشیرەتێکی کوردی باکوور دارەکانی بادینانیان بڕیوەتەوە و تورکیا ئاگای لێ نیە، پارێزگار باشتر بوو ئەم قسەیەی نەکردایە ، چونکە ئەگەر عەشیرەتێک بێت و داری دارستانەکانمان بەرۆژی نیوەڕۆ ببات و ژینگەی کوردستان تێک بدات ئەی ئەبێ دام و دەزگاکانی حکومەت کاریان چی بێت؟.
ئەو لە وەڵامی پارێزگاری دهۆکدا دەشڵێت: ئەو هەموو ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی گومرگ و چالاکیە مەدەنیەکان و پاسەوانی سنوور و کێ و کێ تر. ئەم قسەیە ئەگەر ڕاست بێت ئەوا مانای وایە حکومەت بەرۆژی نیوەرۆ نوستوە و کەس لەماڵەکەی خۆیشیدا سەلامەت نیە.
ئەو دەشڵێت ئەگەر قسەکەی پارێزگاری دهۆک راستیش نەبێت “ئەوا مانای وایە دەیانەوێت پەردەپۆشی تاوانەکانی تورکیا بکەن و هەموو شتێکیان هەراجی تورکەکان کردووە بە دارو بەردیشەوە و تەنها هەواکە ماوە، ئێوە خۆزگە چەنێک بۆ گرتن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان ئازان، نیو هێندە بۆ داگیرکەران و داربڕ و تاڵانفرۆشەکانی کوردستان بوێر بوونایە”.