هۆشداری ڕوودانی کێشەی تەندروستی دەدرێت لە نەخۆشخانەی هیوا

لڤین:

دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ئەمڕۆ ( ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ )  بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە، ئەنجامیدا، پاش پیرۆزبایی لە منداڵانی توشبووی شێرپەنجە، ڕایگەیاند،” لەبەشی منداڵانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر و خزمەتگوزاری پێشکەش بە منداڵانی سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کارمەندان و پزیشکانی ئەو بەشە ماوەی شەش مانگە هیچ موچە و شایستەیەکیان وەرنەگرتووە”.

سەبارەت بە کێشە لە دابینکردنی دەرمان کرد لە نەخۆشخانەی هیوا، ئاشکرای کرد،” کێشەی دەرمان پەیوەندیی بەو کۆمپانیایانەوە هەیە، کە دەرمان دابیندەکەن، ئەوەش لەبەرئەوەی بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم ( ٢٪ی ) پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت و بەوەش بە پەنجا مانگ شایستەکانیان دەدرێتێ”.

ئاماژەی بەوەیشدا،” ئەگەر بە پارەی کۆکراوەی نەخۆشخانەكە، یان پارەی نەخۆشەکان خۆشیان بیانەوێت دەرمان بکڕن، کۆمپانیاکانی دەرمان پێیان نافرۆشن”.

ڕایشیگەیاند،”لەلایەن وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڵێنمان پێدراوە دوای گەڕانەوەی شاندی حکومەت لە بەغداد کێشەی دەرمان چارەسەربکرێت”.

سەبارەت بە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەمساڵدا، بەڕێوبەرەکە، ئاشکرای کرد،”ئامارەکان بەردەوام بەرزدەبنەوە، تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا هەزار و ٣١ توشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراون، لەو ژمارەیە ٧٦ یان تەمەنی خوار ١٨ ساڵن، کە بەپێی پێوەرەکانی ئێمە بە منداڵ دانراون و دەکاتە ( ٧٪ی ) کۆی توشبووانی شێرپەنجە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا”.

هەروەها وتی،” ئەو ژمارە توشبووەی شێرپەنجە كە لە ( ١ / ١ / ٢٠٢١ )ی ئەمساڵەوە تۆمارکراوە، ( ٨٪ی )لە پارێزگای سلێمانی بووە و ( ٩٪ی )پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و ( ١١٪ی ) لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.

لە بەشێکی لێداونەکەیدا ئاماژەیشی بەوە کرد،” ساڵی ٢٠٢٠ ناکرێت بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئامارەکان، بەڵام چونکە بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانیوە لە هەموو شوێنەکانەوە توشبوو وەربگرین، یان بەتەواوی توشبووەکان دەستنیشان بکەین، ئەمە لە جیهاندا بەوجۆرە بووە لە ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی٢٠٢٠دا دوو هەزار و ٢٠٠ توشبوو تۆمارکراون، بەڵام تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا هەزار و ٣٠ توشبووی نوێ تۆمارکراون”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button