لاهور شێخ جەنگی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە دامەزرێنەرانی یەکێتیەوە دەکات

لڤین:

لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، لاهور شێخ جەنگی، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە عومەر شێخ موس و د.فواد مەعصوم ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیەوە دەکات، هاوکات هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێم بە تەلەفۆن پیرۆزبایی دامەزراندنی یەکیتییان لە هاوسەرۆکی یەکێتی کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاشکرایکرد کە بەبۆنەی (1-6) 46ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەوە، بە تەلەفۆن پەیوەندی بە عومەر شێخ موس و د.فواد مەعصوم ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیەوە کردووە و پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێکردون و بەڵێنی پێداون کە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە بن کە ئەوان و هەڤاڵەکانی تری دەستەی دامەزرێنەران 46 ساڵ بەر لە ئێستا گرتویانەتەبەر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە “هەوڵبدەین ئەو کەموکورتییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو یەکێتیی تووشی پاشەکشە کرد، ڕاست بکەینەوە و بتوانین لە ڕێی بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵک به‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان، یەکێتیی بخەینەوە سەر شاڕێی خۆی، کە ئەویش شاڕێی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێكۆشانه بۆ سه‌رخستنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیی و كۆڵنه‌دانه تا گه‌یشتن به‌ مافی ڕه‌وای چاره‌ی خۆنووسین”.

هەر ڕاگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکی یەکێتیدا هاتووە: “ئەمڕۆ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پەیوندییان پێوەکردین و پیرۆزباییان لێکردین بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە”.

هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشداوە کە لە پەیوەندییەکەدا “سوپاس و پێزانینی خۆمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان ئاڕاستەکردن بۆ پەیوەندیکردن و پیرۆزباییەکەیان، جەختمانکردەوە کە یەکێتیی بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی بۆ بەردەوامی و چالاککردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button