دەرچووە یەکەمەکان لە هەولێر گردبوونەوە

لڤین:
دەرچووە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم بینای وەزارەتی خوێندنی باڵا گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەرچووە دانەمەزراوە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم بینای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەولێر گردبوونەوە.
دلێر عەزیز، یەکێک لە دەرجووە یەکەمەکان بە لڤینی ڕاگەیاند، کە دەرچووی خوێندنی ساڵانی ٢٠١٦ – ٢٠١٧، کەچی تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.
ئەو دەرچووەی زانکۆ ئەوەشی ڕاگەیاند کە چەندینجار سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان کردووە، بەڵام لەنێوان وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران دەستی دەستیان پێدەکەن، بۆیە “ئەمڕۆ بەجدی داوای دامەزراند دەکەین”.
سێ دەرچووە دانەمەزراوە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگان ژمارەیان هەزار و ١٦٥ کەسە و لە ماوەی ڕابردوودا دژی دانەمەزراندنیان چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان ئەنجامداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێی بڕیارێکی پێشووی حکومەتی هەرێم دەبوو دەرچووە یەکەمەکان دوای تەواوکردنی خوێندن ڕاستەوخۆ دابمەزرانایە.