یەکێتی و دادی کۆمەڵایەتی

لەیادی دامەزراندنی یەکێتی دا بە گرنگی دەزانین هەڵوێستەیەک بکەین لەسەر وەزیفە و رۆڵی یەکێتی وەک حیزبێکی سەرەکی کۆردستان و عێراق کە بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵە  وەک حیزبێکی سۆسیال دیموکراسی پێناسەی خۆی کردووە ، و سۆسیال دیموکراسیش لە کورترین پێناسەدا بریتیە لە رەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی میانڕەوی ریفۆرمخواز کە بە ئامانجی بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی تێدەکۆشێ.

دەبێت یەکێتی وەک حیزبێکی سۆسیال دیموکرات ناسنامەی خۆی  لە هەرحیزبێکی  تر  جیابکاتەوە  و سەربەخۆ بێت لە بڕیار و پرسە گرنگ و چارەنوسازەکاندا ، چونکە ئامانج و ئامرازی حیزبی سۆسیال دیموکراس  جیاوازی ڕیشەیی هەیە لەگەل ئەوانی تردا ، و لە دۆخێکی ناهەمواری وەک ئەمرۆی هەرێم دا یەکێتی دەبێت لە ئاست قوربانی دان و مێژووەکەی بێت کە بە ڕابەرایەتی مام جلال پڕیەتی لەسەروەری .

یەکێتی لەدۆخێکی ناجێگیری سیاسی و یاسایی و ئابوری وەک هەرێم دا ناتوانێت وەک حیزبێکی سۆسیال دیموکراسی هەنگاوبنێت  و رۆڵی هەبێت لە بەدیهێنانی دادی کۆمەڵاتی و خۆشگوزەرانی گشتی دا، و دەبێت بیرمان نەچێت کە ئامانجی سەرەکی سۆسیال دیموکراسی بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی خەلک و کەم کردنەوەی ناهاوسەنگی ئابوری چینەکانی کۆمەڵگایە ، و  ( ی . ن . ک) لە پرۆگرامەگەیدا بە روونی ئەم ئامانجانەی دەستنیشان کردووە ، و دەبێت سەرجەم هەوڵەکانی بەم ئاراستەیەدا بێت .

دادی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی ئابوری توێژەکانی کۆمەڵگا دەبێت جێگەی ترکیزی سەرۆکایەتی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی بێت ، و چونکە حزبایەتی دەبێت بۆ جەماوەر بێت و بەئاراستەی خزمەتی زۆرینەی کۆمەلگا بێت لەبری پشتگیری لە کەمینەیەکی بەرپرس و بارزگانی مشەخۆر، یەکێتی دەبێت ئاراستەی کاری بۆ خزمەتی زۆرینە وسنووردانان بۆ هەوڵەکانی کەمینەیەکی بازرگان دابنێت ، چونکە دواجار ئەوە زۆرینەی جەماوەرە کە بڕیار دەدات کێ دەبێت بە حیزبی یەکەم و جڵەوی حوکمرانی  دەگرێتەدەست ، و هەر زۆرینەیە کە وا دەکات خەباتی پەرلەمانی ئاراستە دروستەکەی وەربگرێت و یاساکان لە خزمەتی دادی کۆمەڵاتی دەربچێنێت.

لەیادی دامەزراندنی یەکێتی دا جێگەی باسکردنە  کە هەوڵەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی ( لاهور شێخ جەنگی ) بەرزبنرخێندرێت  کە بە ئاراستەی خزمەتی گشتی و راستکردنەوەی ئەو سیاسەتە نادروستەی لە ساڵانی رابدروودا لە یەکێتی دا پیادەدەکرا ، و هاوخەم بوون لەگەڵ خەمی کەس و کاری شهیدان لە پرسە و بۆنەکانیاندا،  و  لە بواری خزمەتی جەماوەری دا ناوبراو   لەکاتی گرنگ و پێویست دا لە خەمی خەڵکی ناوچەکان دا بوو،  و بەشێک لە ئەرکی حوکمەتی  لە ئەستۆ گرت لە دابینکردنی مووچە و پێداویستیەکانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا ، ئەم جۆرەهەوڵانە هەر کەس و حیزبێک بیکات دەبێت بنرخێنرێت وەک پێزانین و پاڵنەرێک بۆ ئەوانی تر .

وەک سەرەتا ووتمان ئامانجێکی سەرەکی  یەکێتی وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات بریتیە لە بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی ئابوری و ژیان و گوزەرانی ناوچەکان و شارەکان و توێژەکان ، بەدیهێنای ئەم ئامانجەش کۆمەڵێ ئامرازی هەیە ، لەوانە :

یەکەم / خەباتی پەرلەمانی  و هەوڵدان بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی:

ئاشکرایە کە پەرلەمان وەک دەسەڵاتیكی سەرەکی رۆلی بەرچاوی هەیە لە دارشتنی سیاسەت و بەرنامەی حیزبەکان لە چواچێوەی یاساکان دا ، و هەر پەرلەمانە لە رێگەی یاساکانەوە ماف دەبەخشێ و پارێزگاری لێ دەکات ، و دواجار هەر ئەم دەسەلاتەیە حکومەت دیاری دەکات و چاودێری ئەدائی دەکات ، ئەمە رۆل و وەزیفەی سەرەکی پەرلەمانە ، و دەتوانێت بەجێبەجێ کردنی ئەم رۆڵەی کە هەیەتی دادی کۆمەلاتی  بەدیبێنێت و  و کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران و ژینگەیەکی ئازاد بۆ ممارەسەکردنی ماف و ئازادیەکان فەراهەم بکات ، بەڵام پرسیارە جدیەکە ئەوەیە ئایا یەکێتی توانیویەتی لە خەباتی پەرلەمانی دا سەرکەوتوبێت  بەئاراستەی بەدیهێینانی ئامانجەکانی ؟ ئەگەر زانستیانە ووردبینەوە دەتوانین وەڵامەکەمان نەخێر بێت، و یەکێتی هەرچەندە لەم خوولەدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بەدەستەوەیە بەڵام لە ئاراستەکردنی کۆبوونەوەکان و سیاسەتی یاسادانان  و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دا بەئاراستەی دادی کۆمەلایەتی  سیاسەتی یەکێتی فەرامۆش کراوە  و لە پێناو پاراستی دەستکەوتە کەسییکان دا دەستکەوتی گشتی و خەمی خەلك پشتگوێ خراوە ، ئەمەش خاڵێکە دەبێت سەرۆکایەتی یەکێتی و سەرکردایەتییکەی هەڵوێستەی جدی لەسەر بکەن و هەوڵی راستکردنەوەی بدەن لە خوولەکانی داهاتوودا بەهەوڵدان بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی و بە‌هێزی نوێنەرەکانی، لەگەڵ ئەمەش دا بۆچوونی بەشێك لە نوێنەرانی یەکێتی لە پەرلەمان جێگەی نرخاندنە .

 دووەم / پەیرەوکردنی سیستەمی لامەرکەزی  :

پەیرەوکردنی ئەم جۆرە سیستەمی کارگێڕی خالێکی گرنگە و ئامرازێکی سەرەکییە لە بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی ئەمەش لە رێگەی پداانی دەسەلات بە ئەنجومەنە خۆجییەکان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان بە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای دادپەوروەی ، و لەم خالەدا یەکێتی هێشتا لە خەباتتدایە و بەهیواین سووربێت لە بەدیهێنانی چونکە بەسوودی گشتی دەشکێتەوە و هاوسەنگی بۆ خزمەتگوزاری ناوچەکان دەگێرێتەوە لە بنەرەتدا، ئەمەش گرنگیەکەی زیاتر لەم قۆناغەدا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی  تیمی یەکێتی لە حکومەت وەک پێویست نیە و زیاتر پەیرەوکەرانی بریارەکانی حیزبی حکومرانن  و ئاشکرایە کە بریارەکانی  ئەم کابینە وەزارییەش سەرچاوەی سەرەکی نادادی کۆمەڵاتی و نەهامەتییەکانی کۆمەڵانی خەلکن ، بۆیە پێویستە یەکێتی لەم رووەوە بیر لە خۆرێکخستنەوە بکاتەوە.

سێیەم/ سەربەخۆی دادگا و سەروەری یاسا :

بێگوومان دادی کۆمەڵاتی بەدی نایەت ئەگەر سەربەخۆی دادگا و سەروەری یاسا بەرقەرار نەبیت ، ئەگەر پەرلەمان کاری پاراستی یاسایی مافەکان بێت ، دەسەڵاتی دادوەری ئەرکەکەی بریتیەیە لە پاراستنی دادوەری مافەکان ، ئەم پاراستنەش بەوە بەدیدێت دادگاکان تەنها لەژێر چەتری یاسادا کاربکەن ، لە  هەرێم دا بەگشتی دادگاکان لە ژێر پرسیاردان ، بەڵام لە کەیسیی رۆژنامەنووسانی بادینان و سزادانیان بە پێچەوانەی سەرجەم یاسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان  زیاتر و قورستر پرسیاری لەسەر رۆڵی دادگاکان لە پاراستنی مافەکاندا دروست کرد، لەم خاڵەدا دەکرێ بڵێین هاوسەرۆکی یەکێتی بە جدی هاوسۆز و پشتیوانی مافی سزادراوان و بە فەرمی لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەڵەتی دا جەختی لە پاراستینی ماف و ئازادییەکان و و سەربەخۆی دادگا دەکردەوە هاوتەرریب لەگەڵ هەڵوێستی نوێنەرایەتی و کۆنسوولخانەی ووڵاتانی وەک امریکا و فرنسا و بریتانیا و المانیا  …، ئەم هەنگاوە بە هەر پاساوێک بێت جێگەی نرخاندن وستایشە و دەبێت پشتیوانی هەموو جۆرە هەولێک بین کە بە ئاراستەی پاراستنی ماف و ئازادییەکان و سەربەخۆی دادوەری هەناگاوبنێ .

چوارەم / شەفافی لە داهات و رێکخستنەوەی باج:

سەرچاوەی سەرەکی بۆ بەدیهێنای دادی کۆمەڵاتی و ئابوری داهاتەکانە ، بۆیە دەبێت یەکێتی هەوڵەکانی لەم رووەوە چڕبکاتەوە و لە پرۆژە یاسای بودجەدا سیاسەتی  حیزبی سۆسیال دیموکرات پەیرەو بکات ، پاشان سیاسەتی سەپاندنی باج و جۆرەکانی و رێژەکانی بابەتێکی گرنگی سۆسیال دیموکراتەکانە و دەبێت یەکێتی  رێگر بێت لەو پاشاگەردانیەی کە لە سەپاندن و وەرگرتنی بەجەکاندا هەیە بە بێ یاسا  بەلام دیسان ئەم خالەش دەگەرێتەوە بۆ رۆڵ و توانای یەکێتی لە پەرلەمان دا کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا .

پێنجەم / دانانی کەسی پسپۆر و شیاو پاک بۆ سێکتەرە جیاوازەکان :

ئەمەش رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە راستکردنەوەی ئەو دۆخە شێواوەی هەرێمی تێدایە و یەکێتیش بەشێك لە بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆدایە ، راستە ئەرکەکان و مافەکان بە یاسا دیاریدەکرێن بەڵام لە بواری جێبەجێکردن دا کەسی شیاو و پسۆر لە بوارە جیاوازەکان دا کاریگەری بەرچاوی دەبێت بۆ خزمەتی گشتی و بەدیهێنای دادی کۆمەڵایەتی ، و لەهەمان کات خۆبێبەری کردن لە هەر کادر و بەرپرسێکی حکومی و حیزبی کە بەتاوانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی‌ دەسەڵات تێوەدەگلی .

ئەم بابەتە باسی زۆر هەڵدەگرێت و بۆئەوەی درێژی نەکەینەوە و خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی هەبێت  کۆتای پێدێنین و دووپاتی دەکەینەوە کە  ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا کۆمەڵە فاکتەرێکن پەیرەوکردنیان بە سوودی یەکێتی و سوودی گشتی دەشكێتەوە و  هۆکار دەبێت بۆ گەڕانەوەی یەکێتی بۆسەر رێگا راستەکەی سۆسیال دیموکرات و دادی کۆمەڵایەتی  و  دواجار بەدەستهێنای متمانەی زۆرینەی توێژەکانی کۆمەڵگا .

 

 

 


رێبوار محەمەد ساڵح

مامۆستای زانکۆ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button