چین لە بارەی ژمارەی منداڵ لە خێزاندا بڕیارێکی نوێی دەرکرد

لڤین:
دوای کۆبونەوەی پارتی کۆمەنیستی چین، حکومەتی چین بە فەرمی رێگە دەداتە هەموو خێزانێك 3 منداڵیان ببێت، دەڵێت بڕیارەکە بۆ رێگریە لە پیربوونی کۆمەڵگە.
ئاژانسی شینخوای چین بڵاویکردەوە، لەدوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەستەبژێری نێو مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمەنیستی چین لەمەولا خێزانەکان دەتوانن 3 منداڵیان هەبێت.
نووسینگەی سەرژمێری ئاشکرایکردووە، لەساڵی 2020 لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا تەنها 12 ملیۆن منداڵ لەدایک بوون و ریکۆردی تۆمارکردووە لە کەمیدا.
ژمارەی دانیشتووانی چین لە ئێستادا ملیارێک و 410 ملیۆن 778 هەزار و 724 کەسە، بە هۆی زۆری رێژەی لە دایکبوون و ترسی حکومەت لە بڵآوبونەوەی هەژاری لە ساڵی 1980وە سیاسەتیی یەک منداڵ بۆ هەر خێزانێکی پەیڕەوکرد.
دواتر لە ساڵی 2015دا پارتی کۆمۆنیستی چین بڕیاریدا بە دانانی سیاسەتی دوو منداڵ بۆ هەر خێزانێک کە لەو ساڵەدا ژمارەی دانیشتوانی چین لە سەرووی ملیارێک و 370 ملیۆن کەس بوو.