محەمەدی حاجی مەحمود: ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم

لڤین:
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت ئەو ئامادەیە خۆی کاندید بکات و داواش دەکات دەستوری هەرێم سیستەمی پەرلەمانی تیادا جێگیر بکرێت.
محەمەدی حاجی مەحمود، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند “دەستور دەبێت هەموو جوگرافیای کوردستانی تێدابێت واتە جوگرافیای کوردستانی باشور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن کوردستان”.
ئەو وتیشی: لەدەستوری هەرێمی کوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەکە سیستەمێکی پەرلەمانی بێت.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دەشڵێت “ئەگەر سەرۆک لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم.”
محەمەدی حاجی مەحمود راشیگەیاند “پێمانوایە سیستەمەکە دەتوانرێت پەرلەمانی بێت، بەڵام ئەگەر سەرۆک لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژێردرێت یەکەم دیموکراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاکێکی خەڵکێکی کوردستان پێشێل ناکرێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەرلەمان ڕەنگە نوێنەری هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت”.
ئەوەشی وت سەرۆک “ئەگەر لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ، جاری پێشوو لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەکی زۆر خۆیان کاندید کرد ئەوکاتە حەڤدە-هەژدە کەس دەنگیشیان هێنا”.
ئاماژەی بەوەکرد قسەکانی ئەو بۆ راگرتنی هاو سەنگی نییە لە نێوان لایەنەکاندا و دەڵێت “من پێشتریش هەر بۆچوونم وابووە و ئێستاش و داهاتووش بۆچوونی خۆم وایە سەرۆک هەرکەسێک و هەر حیزبێک بێت میللەت هەڵیبژێرێت”.