هەرێم، قەوارەیەكی شكستخواردوو

دەوڵەتی شكستخواردوو دەستەواژەیەكی سیاسی نوێیە بۆ ئەو حكومڕانییە شكستخواردوانە بەكاردێت كە ناتوانن بەئەركی حوكمدارێتی خۆیان هەستن، گرفتی گەورەیان هەیە. نەك ناتوانن پێشبكەون بەڵكو گرفتی گەورە بۆ ئایندەی كۆمەڵگاكە دروستدەكەن. بەكورتی حكومڕانیەكی دەرددارە. ئەو حكومڕانیە وەك نائۆم چومسكیش باسی دەكات چەند تایبەتمەندییەكی هەیە لەوانە:
ناتوانێت كۆنترۆڵی ئاسایشی تەواوی خاك و سنورەكانی بكات. گرفتی گەورەی شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتی هەیە. توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكانی نییە. پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لاوازە یاخود خراپە.
ئەگەر تەماشای قەوارەو حكومڕانی هەرێم بكەین، دەتوانین بڵێین هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی تێدایە كە پێناسەی حوكمڕانی شكستخواردوو لەخۆی گرتووە.
ئەم حوكمڕانیەی هەیە كۆنترۆڵی ئاسایشی بەسەر تەواوی خاكەكەیدا نییەو رۆژ دوای رۆژ بەرتەنگترو خراپتر دەبێت.
بڕیارەكانی هەولێر لەدێگەڵە واوەتر بڕناكات و دوو زۆنی روون هەیە. هەروەك بەدرێژایی سنوری هەرێم هێزەكانی پەكەكە هەن لەهەندێ ناوچە حكومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نییە، هەروەك دەیان هەزار سەربازو جەندرمەی تورك لەناوچە جیاوازەكانی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك دەیان بنكەو بارەگایان هەیەو بەویستی ئۆپراسیۆنی سەربازیی جێبەجێدەكەن! لەوە خراپتر ئێستا خەریكن بەبەرنامە سروشتی كوردستانیش وێرانبكەن.
ئەم حوكمڕانیە گرفتی شەرعییەتی دەسەڵاتی هەیە. چونكە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی ئەم حكومەت و حوكمڕانیەی لێ‌ لەدایكبووە جێی گومانە، هەروەك بینیمان ئەندامی زۆربەی حزبەكانی ناو كۆمسیۆن ئامادەی ئیمزاكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە نەبوون. حكومەتێكیش لەئەنجامی هەڵبژاردنێكی گوماناوی لەدایكبوبێت، بەدڵنیاییەوە شەرعیەتەكەی جێگای گومان دەبێت.
خۆ ئەگەر قسە لەخزمەتگوزارییەكانیش بكەین، ئەوا بێگومان بەڵگەی پێویست نییە، كورد وتەنی لەلای هێروە ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی دابین بكات، چجای ئەوەی بتوانێت وەكو پێویست ئەمنیەت و كارەباو ئاو و خوێندن و تەندروستی باش پێشكەشی خەڵك بكات.
سەبارەت بەپەیوەندی و هەماهەنگی نێودەوڵەتیش، ئەم حوكمڕانیە پەیوەندییەكانی دامەزراوەیی نییە تا هەڵسەنگاندنێكی بۆ بكەین. لەگەڵ توركان دۆست و ئەحبابەو لەگەڵ ئێران پێچەوانەكەیەتی! تێگەیشتنی حزبێكی دیاریكراو بەسەر سیاسەت و هەڵوێستی ئەم حوكمڕانیە زاڵەو لایەنەكانی دیكەش لێی بێدەنگن.
هۆكارەكانی ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوین روونە، ئەوەی گرنگە تەگبیرێك لەچارەسەر بكەین. پرسیارێك بكەین بڵێین ئێمە دەتوانین بەمشێوەیە بەردەوام بین و قسەكانی بلاسخارت-یش وەكوخۆی نەگاتەجێ كە وتی؛ وا مەزانن ئەم قەوارەیە بەمسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە؟
بێگومان ئەم قەوارەیە بەمشێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت، بەهۆی ئەو لێكترازان و عینادییەی هەیە، قەوارەی هەرێم لەهەژموونی بەسەر هەموو عیراقدا گەیشتۆتە بارودۆخێك بڕیارەكانی حكومەتەكەی لەهەموو كوردستانیش پێ‌ جێبەجێنابێت! لایەنە سیاسییەكان توانای كۆبونەوەیەكیان نییە! ئەجێندای گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان و پرسە نەتەوەییەكانیشی بەتەواوی فەرامۆشكراوە! دامودەزگاكانی حوكمڕانی بەتەواوی پەكیان كەوتووەو هیچ بەهایەكیان نەماوە! دادگا بووە بەبەشێك لەململانێی و ئەجێندای حزبیی..تد بەكورتی كاتێك ئەمانە دەبینین، بەتەواوی ئومێدبڕ دەبین، تروسكاییەك نامێنێت تاوەكو ئومێدێكی لەسەر بنیات بنێن، جگە لەوەی دوعا بكەین، لەوە خراپترمان بەسەرنەیەت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button