کێ شکۆی داعشی لە کۆبانێ شکاند؟

٢٦ کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ دوای ١٣٣ رۆژ بەرگری، بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی هێزە کوردییەکان داعش کە هەڕەشەی لە تەواوی جیهان دەکرد لە شارۆچکەی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان تێکشکێنرا، ئەوەش بووە سەرەتایەک بۆ لەناوچوونی ئەو چەکدارە توندڕەوانە.

چەکدارانی رێکخراوی داعش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان بۆ سەر شارۆچکەی کۆبانێ دەستپێکرد، لەوکاتەدا لەوپەڕی بەهێزییدا بوون، ناوچەیەکی فراوانیان لە سوریا و عێراق کۆنتڕۆڵکردبوو، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی بەرچاو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەردوو وڵاتدا گرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هەزار چەکداریان کۆ کردبوویەوە.

گۆڕستانی شەهیدان لە کۆبانێ

لە بەرانبەردا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، لە کۆبانێ و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان بە پێداویستییەکی کەمی سەربازییەوە ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەوە.

هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی شارۆچکەی کۆبانێ بە جۆرێکە کەوتووەتە سەر سنووری تورکیا، لە کاتی هێرشەکەی داعش دا تەنها رێگەی زەمینی بۆ گەیاندنی هاوکاری لە باکووری کوردستانەوە بوو کە لەلایەن تورکیاوە بە توندی کۆنتڕۆڵکرابوو.

تورکیا نەک هەر رێگەی هاوکاریی کردنی شەرڤانانی نەدا، بەڵکو دەنگۆی ئەوەش هەبوو لە دژی یەپەگە تورکیا هاوکاری پێشکەش بە داعش کردووە، هەروەک ئەو کات میدیاکانی تورکیا دیمەنی گەیاندنی هاوکاریی سەربازییان بە چەکدارانی داعش بڵاوکردەوە.

لەگەڵ ئەوەی لەو کاتەدا هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرشی داعش بوویەوە، بەڵام بەرگریکردنی شەڕڤانان لە کۆبانێ دەنگدانەوەی فراوانی دروستکرد، فشارەکان لەسەر حکوومەت و پەرلەمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە کوردانی کۆبانێ دەستیان پێکرد.

لە ماوەی 133 رۆژ بەرگری هێزە کوردییەکان لە کۆبانی، نزیک بە 500 شەڕڤانی کورد شەهید بوون

پارتی دیموکرات کە ئەو سەرۆکایەتی حکوومەت و هەرێمی کوردستانی لە ژێر دەستدا بوو، سنوورەکانی رۆژئاواو باشووری کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵیدا بوون، دەستی بە هەڵکەندنی خەندەق کرد و رێگەی بە گەیاندنی هاوکاری سەربازیی و مرۆیی بە رۆژئاوای کوردستان نەدەدا.

سیاسەتی پارتی دژایەتی توندی هێزەکانی یەپەگەی بوو، بەڵام کەوتە ژێر فشاری زۆری کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان بە گەشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، بۆیە نەیتوانی بەردەوامی بدات بە رێگری کردن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی باشووری کوردستان.

هاوکاریو پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ

پارتی لەلایەکی تریشەوە رووبەڕووی ئیحراجییەکی گەورە بووبوویەوە، بەوپێیەی بەبوونی هێزێکی زۆر و چەکی پێشکەوتوو ناوچەیەکی بەرفراوانی ژێر دەسەڵاتی بێ ڕووبەڕوو بوونەوە کەوتبوویە دەست چەکدارانی داعش، بەڵام شەرڤانان لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان کەمبوو و چەکی پێویستیان لەبەردەست نەبوو داعش بە زەحمەت دەیتوانی ناوچەیەکی دیارییکراویان لێ کۆنتڕۆڵ بکات.

کاتێک داعش بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی کۆبانێ کۆنتڕۆڵکرد و ئابڵوقەیەکی سەختی خستە سەر شارەکە، هێزی دژە تیرۆری یەکێتی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە هاوکاری سەربازیی گەیاندە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بووە سەرەتایەک بۆ کرانەوەی کۆبانێ بەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و دەستپێکی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان.

لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئەو کاتی ئاژانسی پاراستن و زانیاری سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی گەیاندنی هاوکاریی بە شەڕڤانانی یەپەگەی دەکرد.

سەرەتا لە رێگەی سنوورەکانی باشووری و رۆژئاواوە کە لەلایەن پارتی و داعشەوە کۆنتڕۆڵکرابوون بە نهێنی بڕێکی بەرچاو هاوکاری سەربازیی گەیەندرایە شەڕڤانان.

لاهور شێخ جەنگی دەربارەی ئەو هاوکارییانە دەڵێت، بە بەکارهێنانی پەیوەندییە تایبەتییەکانی توانیویەتی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا رازی بکات کە فڕۆکەیان بۆ دابین بکەن

لە یەکێک لە دیمانەکانیدا لاهور شێخ جەنگی دەربارەی ئەو هاوکارییانە دەڵێت، بە بەکارهێنانی پەیوەندییە تایبەتییەکانی توانیویەتی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا رازی بکات کە فڕۆکەیان بۆ دابین بکەن تا هاوکاری سەربازیی لە ڕێگای ئاسمانییەوە بگەیننە کۆبانێ.

بۆیە بۆ یەکەمجار فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی چەکی هێزێکی کوردی لە پارچەیەکی کوردستان بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان بەکارهات.

تا دەهات، بەرگری شەرڤانان لە ناو میدیاکانی جیهاندا زیاتر دەنگدانەوەی درووست دەکرد، دەنگدانەوەکان بە جۆرێک بوون کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەیتوانی لە ئاستیدا بێدەنگ بێت، تورکیا ناچار بوو سنوورەکانی بەڕووی کۆبانێدا بکاتەوە.

حکوومەتی تورکیا و بە دیارییکراوی رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ دەربازبوون لەو فشارە گەورەیەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهۆی جەنگی کۆبانێوە لەسەر دروستبووبوو، داوای لە مەسعود بارزانی کرد هێزێکی پێشمەرگە لە رێگەی خاکی تورکیاوە بگەیەنێتە شارۆچکەکە.

بۆیە لە ٢٨ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کاروانی هێزەکانی پێشمەرگە لە خاکی تورکیاوە گەیشتنە شارۆچکەی کۆبانێ و دەستیان بە بۆردوومانکردنی حەشارگەکانی داعش کرد.

بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ١٣٣ رۆژ بەرگری هێزە کوردییەکان لە کۆبانی، نزیک بە ٥٠٠ شەڕڤانی کورد شەهید بوون و زیاتر لە هەزار چەکداری داعش کوژراون.

جەنگی بەرگریکردن لە کۆبانێ بووە سەرەتایەک بۆ کرانەوەی رۆژئاوای کوردستان بەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا بە جۆرێک ئێستا هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ناوچەکانیان لە ژێر دەستدایە و بەردەوام لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە یارمەتی سەربازیی و داراییان پێدەگات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button