بڕیاردەری لیژنەی دارایی:

دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، ئەگەر بەپێی یاسا بۆی خەرج کرابێت

لڤین:

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ڕایگەیاندوه‌، “حکوومەتی ھەرێم دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕێت و ئەوەی ئێستا بەڕێوەدەچێت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە و ھاوشێوەی مووچە دەرماڵەی فەرمانبەرانیش ڕێکدەخرێتەوە، ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران بە واتای بڕین نایەت، چونکە دەرماڵەی ھیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، ئەگەر بەپێی یاسا بۆی خەرج کرابێت.”

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، وتویەتی،”ئێستا ھەر وەزارەتێک نوێنەری خۆی ھەیە و کار لەسەر ڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەکات، لە کۆتاییدا حکوومەت بڕیار دەدات چەندی نایاسایی بووە و چەندی یاسایی بووە و چەندی داھات بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە.”

هەوەها، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوه‌،”فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە بڕینی دەرماڵە ڕوو نادات، تەنیا ئەوانەی بە ناسایی سوودمەند بووبن لە دەرماڵە، دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، چونکە دەرماڵە ھەیە بەرانبەر بە مەترسییەک خەرج کراوە، کەچی فەرمانبەری تێدایە ئەو مەترسییەی لەسەر نییە، بەپێچەوانەوە ھەندێ فەرمانبەر دەرماڵەیان بۆ خەرج دەکرێت و مووچەکانیان زیاد دەکات، چونکە لەوانەیە بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی دەرماڵەی ھەبێت و تا ئێستا سوودمەند نەبووبێت.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button