خالد سلێمان:

بۆ ئەوەی کوردستان نەکرێتە ( هاییتی ) یەکی تر

لڤین: خالد سلێمان

ئێستا، نیازەکانی تورکیا بۆ دۆستە هەر نزیکەکەشی لە کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، دەرکەوت. ئامانجی ئەو ڕووتاندنەوەی کوردستانە نەک پارتی کرێکارانی کوردستان، دەیەوێت وڵاتەکەی ئێمە بکاتە سوتماک و لە ژیان دایماڵێت: ڕووەک و ئاژەڵەکانی لە ناو ببات. ئەمە ڕاستیەکەو لەسەر خاکی کوردستان ڕوودەدات. ئەوەتا فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاندوەو دەڵێت: “چەند ساڵێکە لە سنووری دەرکار، سندی و گولیا دیاردەی داربڕین هەیە. بیانووی هێزی تورکیا ئەوەیە کە ئەم دارانە و ئەم دارستانانە لە بەردەمیاندا رێگرن و لەسەریان هەڕەشەن. لەگەڵ هەندێک کۆمپانیادا رێککەوتنیان کردووە و بە نوێترین ئامڕاز دەستیان بە بڕینەوەی ئەو دارستانانە کردووە. بێگومان ئەوانەیش کۆمپانیا و بازرگانی تورکیان. دیارە چەکدارانی هێزی تورکیا هاوبەشییان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە. بیانووەکەیشیان ئەوەیە ئەو دارستانانە دەبنە پەناگە بۆ گەریلاکانی پەکەکە. تورکیا وەک سیاسەتێکی سووتاندنی ئەو زەوییانە و بۆ سوودێکی بازرگانی ئەو کارە دەکات.”
ئەمە قسەیەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، هەڵدانەوەی پەردەیە لەسەر مەترسییەکی گەورە لەسەر وڵات کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردوە، بەڵام ئێستا باسی دەکرێت. مەترسییەکە لەوەدایە، کە سوپای داگیرکەری تورکیا کورد لە ژینگەکەی خۆی دادەماڵێت، ئەوەش لەو سۆنگەیەوە کە بوونی مرۆڤ گرێدراوە بە سروشتەکەی خۆیەوە، ئێمە کوردستانمان بەدارو درەخت و کانی و ئاژەڵە کێویەکانیەوە خۆش دەوێت، کە ئەمانە لە ناوبران، ئیتر هیچ بەهاو مانایەک بۆ وڵات نامێنێت و بەجێی دەهێڵین. فەلسەفەی کۆڵۆنیالیزم لای تورکیا لەم خاڵەوە دەست پێدەکات. لە لایەکەوە بازاڕی کوردستان داگیردەکات، لەلایەکی تریشەوە سروشتی کوردستان وێران دەکات؛ ئەو دەیەوێت کورد (بەردەستێ)کی ئەو بێت، خاوەنی هیچ نەبێت، تاکی خەمی ئەوە بێت لە برسا نەمرێت.
دەمەوێ لەم میانەیەدا نموونەییەکی مێژوویی بخەمە بەرچاوی خوێنەری کورد، ئەویش (هاییتی>یە لە دوورگەکانی کاریبی لە ئەمریکای باشوور. کاتێک لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا (1804)، کرێۆلیەکان، واتە خەڵکی هاییتی بە زمانی خۆیان، سەربەخۆییان وەرگرت و بوونە خاوەن یەکەم کۆماری ڕەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی مەرجی ئەوەی سەپاند، کە دەبێ (کرێۆل)یەکان 150 هەزار فرەنکی ئەو کاتە لەبەرامبەر سەربەخۆییدا بدەنە فەرەنسا، واتە 15 ملیار یۆرۆ بە حیسابی ئەمڕۆ. کۆمارە تازە لەدایکبووەکە، هیچ پارەیەکی نەختییی لەبەردەستدا نەبوو، بەڵام خاوەن خاکێکی دەوڵەمەند بوو، داری گوێزی هیندی، ماهۆنگۆ، مانگۆ و هەروەها خۆرمای هیندی لە 80% ڕووبەری وڵاتەکەیان داپۆشیبوو. کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی لەبەرامبەر ئەو پارەیەدا کە بەسەر کرێۆلیەکاندا سەپاندی، بەڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمارە نوێکەدا، دەستی کرد بەبڕینەوەی دارەکانی هاییتی و دەیان ساڵ بەردەوام هەتا قەرزی دەسبەرداربوون لە خاوەندارێتی لە رێگەی دارەوە وەربگرێتەوە. هەڵبەتە پێش ئەم ڕوداوە بە نزیکەی هەشتا ساڵ، واتە لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا لە ڕێگەی ڕووتاندنەوەی هاییتی-یەوە نیوەی قاوەی جیهانی بەرهەم دەهێناو لە ڕێگەی سیستمێکی کۆیلایەتییەوە، بازاڕەکانی ئەوروپای پڕکردبوو لە قاوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوروپییەکان لە رێگەی داگیرکارییەوە قاوەیان دۆزییەوە، هاییتیش یەکێک بوو لە خاکە دەوڵەمەندەکان بەقاوە.
ئێستا، هاییتی یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی دنیا، لە 2%ی ڕووبەری خاکەکەی بە دارستان و سەوزایی داپۆشراوە، دووای زیاتر لە 200 ساڵ لەسەربەخۆیی، باجی بڕینەوەی دارە نازدارەکانی دەدات. ئەمڕۆ ئایا هاییتی بوونی نیە!! ئەمە وەسفی من نیە، بەڵکو ناونیشانی کتێبێکی باشترین نووسەری فەرەنسییە لەسەر هاییتی، ئەویش کریستۆف وارگنی-ییە.
ئێمەی کوردیش، ئەگەر ئەمڕۆ، بەهەموو جۆرێک ڕووبەڕووی سوپای داگیرکەری تورکیا نەبینەوە، کە فاشیترین دەزگای کۆڵۆنیالیزمە، ئەوا وەک هاییتییەکانمان بەسەردا دێت و وڵاتەکەمان دەکرێتە سوتماک و دەبینە میللەتێکی برسی و بۆ پاروە نانێک دەست لە داگیرکەر پان دەکەینەوە، با جارێکی تر لە بایکۆتی کاڵاو بەروبوومەکانی تورکیاوە دەست پێبکەین، ئەمە باشترین چەکە لە بەردەستماندا، داگیرکەریش ترسێکی زۆری لەم چەکە هەیە

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button