لەشەڕی شوعەیبەوە تا ڕێفراندۆم

ڕێبەرانی سیاسی نەتەوەکانی دنیا، لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەت و دروستکردنی نەتەوەیەکی تەندروست و خاوەن ئینتیمای نیشتمانی، مێژوویان بەسامانی تایبەتی و گیانی خۆیان کڕیووە.
بەڵام بەپێچەوانەوە، ڕێبەرە، بەناو سیاسیەکانی کورد، نەك مێژوو و داهاتوویان بۆ نەکڕین، بەڵکو ئەوەی هەشمان بوو، فرۆشتیان، بۆ داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان.
بەگوێرەی بەڵگەو دێکۆمێنتە مێژووییەکان، هۆکاری زۆرینەی ئەو کارەساتانەی ، بەسەر نەتەوەی کورد داهاتوون، لەئەستۆی ڕێبەرەکانیەوە بووە.
پێم سەیرە، شێخ مەحمودی حەفید لەساڵی 1915 بەخۆی و هەزار چەکداری کورد، لەناوچەی شوعەیبیەی خۆرئاوای بەسڕە، لەژێر ناوی ئیسلام و لەپێناوی دەوڵەتی تورکی عوسمانی بەرەنگاری سوپای ئینگلیز دەبێتەوە، کە حەوت ساڵ، پێش ئەم ڕوداوە، تورکە عوسمانیەکان، باوك و برایەکی شێخ مەحمودیان شەهیدکردبوو.
بەڵام لە نەجدو حیجاز، کە دەکاتە سعودیەی ئێستا، شریفی کوڕی حسین(شریف المكة) کەنەوەی پێغەمبەری ئیسلام بووە، پێش ئەوەی تورکەکان لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا، بشکێن، هاوپەیمانی لەگەڵ ئینگلیزەکان کردووە، بۆ دەرکردنیان لەوڵاتەکەیان، بەڵام ئێمەی کورد بەچەك و ئەسپ و ئالیك و نانی خۆمان، لەژێر پەردەی ئایین، بەرگریمان لەتورکە عوسمانیەکان کردووە، کە قێزەونترین دەسەڵاتی سەر ڕووی زەمین بوونە ، گوایە ئینگلیزەکانیش کافرو خاچپەرست بوونە.
لەکۆڕەوەکەشدا، ئەگەر دووبارە خاچپەرستەکان بەهانامانەوە نەهاتبان، بەهۆی هێرشی برا دینیەکەمان، دوو ملیۆن کورد، لەم شاخ و داخانەوە، لەسەرماو لەبرساندا دەمردن.
ئێستاش نەخۆمان و نە دۆستەکانیشمان تێنەگەیشتن، ئەم هەموو خۆشەویستی و چەمینەوەی سەرانی کورد چیە بۆ تورك و عوسمانیە کۆن و نوێیەکان ؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button