ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی هەیە

لڤین:
بەھۆی دەستگیرکردنی قاسم موسلیح، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ناکۆکیان هەیە و روبەڕووی یەکدی دەبنەوە، ترسی ھەڵوەشانەوە دەکەوێتە ناو ئەو دەستەیە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ماڵی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوەچووە، لەسەر دەستگیرکردنی قاسم موسلیح و نمایشی سەربازی لە ناوچەی سەوز، کێشە کەوتووەتە نێوان سەرکردەکانی حەشد.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە گواستویەتیەوە: لە کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە سەرکردەکانی حەشد رایانگەیاندووە ئەو ھەڵوێستانە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی عێراق و یاسان، دەبێتە پاشخانێکی خراپ بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو دەستەیە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاوییکردووەتەوە “قاسم موسلیح لەژێر لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتی دادوەریدایە، ناوی چەند کەسێکی دیکەی ئاشکرا کردووە، کە لەنێو حەشدی شەعبیدان و تێوەگلاون لە کوشتن و رفاندنی چالاکانی مەدەنی و خۆپێشاندەران”.
ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، قاسم موسڵح فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستیگر کراوە و لەو ڕۆژەوەش لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغداد دەستبەسەرە و تۆمەتەکەشی کوشتن و رفاندنی چالاکوانانی مەدەنییە.