ئەمانەوێت گوێمان لە دەنگی خۆتان بێت..؟؟

+ ئەو هەموو زەویە بە نایاسایی دابەشدەكرێت و دەفرۆشرێت، كە زۆرینەی سەربە وەزارەتی شارەوانیە.. وەزیری شارەوانی ( ساسان عەونی) یەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەگەر خۆی بەرپرس نیە لەو دۆخە بۆچی قسەیەك ناكات و بەرگری لە خۆی و وەزارەتەكەی ناكات.
+ ماوەی (😎 مانگە موچە بەلێبڕینەوە دابەشدەكرێت و دوادەكەوێت، وەزیری دارایی ( ئاوات شێخ جەناب)ەو لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆچی هیچ ناڵێت و بەڕونی رای خۆی دەرنابڕیت تا خۆی و حزبەكەشی توشی ئیحراجی نەكات.
+ مەترسی وشكەساڵی و خراپی دۆخی جوتیاران و پارەی جوتیاران و كڕینی گەنمی جوتیاران سەربە وەزارەتی كشتوكاڵەو وەزیرەكەی ( بێگەرد تاڵەبانی)یە و سەربە یەكێتیە، هەموو بەرپرسیارێتیەك لە ئەستۆی ئەوە.
+ بازرگانی خاڵە سنوریەكان و قاچاغچێتی و هاوردەكردنی كەلوپەلی خراپ بوو راستەوخۆ سەربە وەزارەتی بازرگانیە، وەزیرەكەی ناوی ( كەمال موسلیم)ەو سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆچی هیچ ناڵێت، ئایا ئەو بەرپرسە یان نا، بۆچی بۆ خەڵكی رون ناكاتەوە كێیە خەریكی بازرگانی ناشەرعی و قاچاغچێتیە
+ خراپی دۆخی پێشمەرگەو ناعەدالەتی لە موچەو یەكنەخستنی لە ئەستۆی وەزیری پێشمەرگەیە بەناوی ( شۆڕش ئیسماعیل) سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، بۆچی خۆی هیچ ناڵێت و لە هەموو كێشەو قەیرانێكدا بێدەنگە و خەڵكی لە بری ئەو قسە دەكەن، بۆچی رونی ناكاتەوە كێیە نایەوێت پێشمەرگە یەكبخرێت.
+ خراپی كوالیتێتی دەرمان و قاچاغی دەرمان و كێشەو گرفتی نەخۆشخانەكان و فرۆشتنی بە كۆمپانیاكان و دەسخستنە ناو تەندروستی لەلایەن سەرمایەدارانەوە، راستەوخۆ لە ئەستۆی وەزیری تەندروستیە، كە ناوی (د. سامان بەرزنجی)یەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆچی یەك وشە لەسەر قاچاغی دەرمان و فرۆشتنی نەخۆشخانەكان ناڵێت..
+ ئەو هەموو روداوی هاتوچۆیە و قوربانیەی لێی دەكەوێتەوە، لانی كەمی بەشێكی زۆری پەیوەندی بە خراپی رێگاو بانەكان و جووت ساید نەكردنی بەشێك لە شەقامەكانی دەرەوەیە، كە سەربە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیەو وەزیرەكەی ناوی ( دانا عەبدولكەریم)ەو سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئایا ناعەدالەتی بەدی ناكەیت لەنێوان شەقامەكانی هەولێرو دهۆك و گەرمیان و راپەڕیندا، یاخود شەقامی 100 مەتری سلێمانی و 150 مەتری هەولێردا، هیچی لەسەر ناڵێیت..؟؟
+ ئەو هەموو كوشتن و خۆكوشتن و بەربڵاوی چەك و درووستبوونی گروپی مافیایی و زۆربوونی تۆمەتبارانەی كە دەستگیرناكرێن، سەربە وەزارەتی ناوخۆیەو وەزیرەكەی ناوی ( رێبەر ئەحمەد)ەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەرپرسی یەكەم لەوبارودۆخە ئێوەن، هەموو شتێك باس دەكەن جگە لە جەوهەری كێشەكان كە دیوەخانی زۆربەی بەرپرسە باڵاكان پڕیەتی لە تۆمەتباری هەڵاتوو كە هەریەكەیان دەیان سكاڵایان لەسەرە..
+ كێشەی زانكۆكان و قبوڵخاس و تەزویری بڕوانامەو بێ مەعریفەیی لە زانكۆكاندا، كێشەی خوێندكاران و مامۆستا و قۆرغكاری زانكۆكان و پۆستەكان، هەمووی لە ئەستۆی وەزیری خوێندنای باڵایە كە وەزیرەكەی ناوی ( ئارام محەمەد)ەو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ناتەوێت شتێك بڵێت لەسەر ئەو هەموو ناعەدالەتیە و دەستخستنە ناو حەرەمی زانكۆ لەلایەن حزبەوە…
– ئێوە خۆتان دەم و زمانتان هەیەو دەتوانن قسە بكەن، لەسەر هەموو ئەو كێشانە، مێژوو رەحمتان پێناكات،، بێدەنگی لەبەرامبەر پۆست…. دواجار ریشی خۆتان دەگرێتەوە، من دەمەوێت گوێم لە دەنگی خۆتان بێت، نەك دەربارو دەرگاوانەكانتان لەبری خۆتان قسەبكەن.
خۆتان هیچ ناڵێن،، بەڵام پەرلەمانتارانتان یەخەی یەكتری دادەدڕن هۆڵی پەرلەمانیان كردووە بە رمبازێنی قسەی سواو و موزایەدەی بێمانا… ئەوەی مێشكی سەری یەكتری پێ دەبەن لە وەزیرەكانی خۆتانی بۆ ناپرسن…؟؟؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button