یەکگرتووی ئیسلامی:

دەستوری هەرێمی كوردستان نابێت پەلەی تێدا بكرێت و ئێستا وه‌کو پێویست زه‌مینه‌ی لەبار نییە

لڤین:

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتوی ئیسلامی، دەستوری هەرێمی كوردستان نابێت پەلەی تێدا بكرێت و ئێستا وه‌کو پێویست زه‌مینه‌ی لەبار نییە بۆ دەستور لەگەڵ نەگۆڕەكانی ئایینی ئیسلامدا دژ نەوەستێتەوە

د.محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتوی ئیسلامی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی هەوڵەكان بۆ ئامادەكاریی نوسینەوەی دەستوری هەرێم رایگەیاندووە، “لای ئێمه‌ ده‌ستور ده‌بێت پێش هه‌موشتێک ته‌وافوقێک- سازانێکی نیشتیمانی دروستبکات، ده‌ستور ده‌بێت پارێزگاریی له‌ قه‌واره‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بکات، ده‌ستور ده‌بێت هه‌مو هاوڵاتیه‌ک به‌بێ جیاوازی به‌ده‌ستوری خۆی بزانێت، خه‌ڵکی کوردستانیش ترسێکیان هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لێکی موسوڵمانه‌ به‌ڵام کاره‌کته‌ره‌کانی زیاتر عه‌لمانیین، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئایدۆلۆجیای خۆیان بسه‌پێنن له‌پرسی په‌یوه‌ندی ئایین و ژیانی کۆمه‌ڵگە.”

سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێوە دەتانەوێت ئایینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادان؟

بەرپرسەکەی یەکگرتوو،ووتوویەتی،”له‌هه‌مو جیهاندا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی یاسایی به‌ هێنده‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌ چ جای له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی موسوڵماندا که‌ 95%ی موسوڵمانه‌ یاساش بۆ خه‌ڵک داده‌نرێت، ده‌ستور ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕه‌کانی ئایینی ئیسلامدا دژ نه‌وه‌ستێته‌وه‌.”

لە بەشێکی لێدوانەکەیدا، ئەوەی خستوەتەڕوو،”ده‌ستور نابێت بکرێته‌ مادده‌ی ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات، ده‌ستور ده‌بێت بکرێته‌ خه‌م و خولیا و کاری هاوبه‌شی نێوان هه‌مو هاوڵاتیان به‌بێ جیاوازی چونکه‌ ده‌ستور ئوسوڵه‌ گشتیه‌کان جێگیر ده‌کات ئه‌گه‌ر جیاوازیه‌ک و کێشمه‌کێشێک هه‌بێت له‌ ورده‌کاریه‌کاندایه‌ که‌ دواتر یاسا ڕێکی ده‌خات له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستور نابێت بکرێته‌ کێبه‌ڕکێ و ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات، ده‌ستور نابێت بکرێته‌ ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن، ده‌ستور نابێت بکرێته‌ جێگه‌ی ململانێی سیاسی نێوان لایه‌نه‌کان ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌ستورێکی سه‌رکه‌وتو و کاریگه‌ر به‌ده‌ست بهێنیین”.

ئاماژەی بەوەیشداوە،” کاتێک که‌ ململانێی و ناته‌بایی و جیاڕایی هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ده‌ستوردا شتێک بنوسین په‌له‌شی لێنه‌کرێت، ده‌ستور نابێت به‌ په‌له‌په‌ل هه‌ڵبکوڵێنرێت به‌ڵکو ده‌ستور ده‌بێت زه‌مینه‌ی بۆ سازبکرێت، هه‌ر ده‌ستورێک نه‌توانێت ته‌وافق- سازانی نیشتیمانی دروستبکات ئه‌وه‌ ده‌ستور نییه‌”.

سەبارەت بەوەی کە ئێستا زەمینە سازی کراوە بۆ نوسینەوەی دەستور، وتویەتی،”له‌ئێستادا ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ وه‌کو پێویست نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵکێک بیانه‌وێت ببن به‌خاوه‌نی ده‌ستورێک ده‌بێت لانی که‌م له‌ ئوسوڵه‌ گشتیه‌کاندا، له‌ بنه‌ما گشتیه‌کاندا ده‌بێت ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ سازبکرێت بۆیه‌ ده‌ڵێم نابێت په‌له‌ی لێبکرێت نابێت بکرێته‌ ململانێی سیاسی و نابێت بکرێته‌ ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن.”

د.محەمەد ئەحمەد جەختیکردوەتەو،”ئێستا وه‌کو پێویست زه‌مینه‌ی دەستور نییه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدان ده‌بێت ئیشی بۆبکه‌ن.”

لەوەڵامی ئەوەی کە ئایا پێتان وایە لە پێشتردا پرسی دەستور بۆ “ڕیکلامی دەستور” بەکارهاتوە؟ د.محەمەد ئەحمەد وتی” له‌مه‌وپێش وه‌ها بوه‌ بۆیه‌ سه‌رنه‌که‌وتوه‌ هیوادارم له‌مه‌ودوا وانه‌بێت.”

لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا، ووتویەتی،”ئاسان نییه‌و بڕواناکه‌م ئه‌مساڵ بتوانرێت دەستوری هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت له‌م خوله‌شدا ئه‌گه‌ر بتوانرێت زه‌مینه‌سازی بۆبکرێت باشه‌”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button