پژاک: ئەو گروپە ئیسلامییەی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی رۆژهەڵات ئێران پشتیوانیان دەکات

لڤین:

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو گروپە ئیسلامییە توندڕەوەی هێرش دەكەنە سەر گەلی كوردی ڕۆژهەڵات، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە.

 

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان- پژاك، لەبارەی ئەو هێرشانەوە کە ماوەی رابردوو لەلایەن گروپێکەوە دەکرێتە سەر گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: كات و شێوەی ئەو هێرشانە نیشان دەدات، كە پلانێكی بەڕێكخستن كراو و بە پشتیوانی دەستەڵاتدارانی ئێران بەڕێوە چووە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

 

داعش و ئیسلامی سیاسی توندئاژۆ، رومەتی دزێو و دژەمرۆڤی خۆیان بە جیهانیان نیشان داوە و گەلی ئێمەش زەرەرمەندی سەرەكی كردەوەی ئەم گروپە تێرۆریستیانەن و بە خوێنی خۆیان لە بەرامبەر ئەم گروپە تێرۆریستانەدا بەربەرەكانی كردووە.

 

داعش و ئیسلامی سیاسی توندئاژۆ دەستكردی سیاسەتی كۆنەپەرەستانە و پاكتاوكردن و دژە دیموكڕاسین، ئاكتەرانی ناوچەكە و دەوڵەتانی ئێران و توركیە بە شێوازی جیاواز پاڵپشتی ئەم تەیفە كۆنەپەرەستە دەكەن و لە داهاتووشدا بە شێوازی جیاواز بە دژی گەلی ئێمە و روحی دیموكڕاسی لە ناوچەكە بە كاریان دەهێنن.

 

لەم ڕۆژانەدا گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان روبەڕوی هێرشی تاقمێكی توندئاژوی ئیسلامی سیاسی بوونەتەوە، هاوكات لە شارەكانی مەریوان سەقز و سنە هێرشی ناڕەوایان بە بیانووی جیاواز كردۆتە سەر خەڵكی مەدەنی، كات و شێوەی ئەو هێرشانە نیشان دەدات، كە پلانێكی بەڕێكخستن كراو و بە پشتیوانی دەستەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوە و ئامانجی تایبەتی لە پشتە.

 

وەك چۆن داعش لە لایەن توركیەوە لە ناوچەكە پشتیوانی لێدەكرێت بۆ ئامانجی تایبەت، بە هەمان سیاسەت كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەیهەوێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەم تاقم و گروپە بەكار بهێنێت و لە ژێر حمایە و پشتیوانی هیزە ئەمنیەكاندا، ئاژاوە دروست بكات كە لە هەل و مەرجی قەیراناویی دا ئەم تاقمە روبەڕوی گەل و رەوتی شۆڕشگێڕی گەلەكەمان بكاتەوە.

 

لە هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ و شەنگال و بەشێك لە سوریا، دەوڵەتانی سوریا و عێراق هێزی بەربەرەكانی داعشیان نەبوو و داعش بە پلان و ئەجێندایەكی تایبەت توانی بەشێكی زۆر لە خاكی ئێراق و سوریا بگرێت، بەڵام هەر كەس باش ئەوە دەزانێت كە چۆن گەلی شۆڕشگێڕی كورد لە بەرامبەر داعشدا راوەستان و شكستیان بەم گروپە دژەمرۆڤیە هێنا، بە هەمان شێواز گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هێزی بەربەرەكانی لە گەڵ داعشی سوننە و شیعە هەیە، و ئەم بیرۆكە كۆنەپەرەستانە كە لە لایەن گروپێكی دیاریكراو بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ روحی گەلی ئێمە نامۆیە و شوێنی ئەوانە لە ناو خەڵكی ئێمەدا نابێتەوە.

 

گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان چۆن بە پشتیوانی بەرینی خۆیان لە كوبانی و شەنگال و هەمو شار و شارۆچكەكان دژ بەم رێكخراوە توندئاژۆیە دەركەوت و شكستیان پێ هێنا، ئێستاش گەنجان، ماموستایانی ئاینی، هەمو توێژەكانی كۆمەڵگا لە بەرامبەریان رادەوەستنەوە و جێگای ئەم جۆرە بیركردنەوە كۆنەپەرەستانە لە كوردستان رێگەپێدراو نابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button