ئێمە و بارزانی و راوێژکارەکانی.!

لە سەردەمی حوکمڕانی کۆمۆنیزم؛ کاتێک کۆمەڵێک قەیرانی یەک بە دوای یەک ڕوویان لە حکومەتی چین کرد بە ملیۆنان خەڵک مردن و وڵاتی چین توشی کارەساتی گەورەی مرۆیی بوو.
یەکێک لەو قەیرانانەی تەنگی بە خەڵک ھەڵچنیبوو، قەیرانی کەم خۆراکی بوو. کۆمەڵێک رۆشنبیر حکومەتیان ئاگادارکردەوە لەوەی جاڕدانی حوکمڕانی بەو شێوەیە کارەسات دروست دەکات، بەڵام دیکتاتۆری ئەوکات نەک بە قسەی ئەو خەڵکەیان نەکرد بەڵکو زۆربەیان کوشتن و زیندانی کردن، بۆیە راوێژکارەکانی ئەوکاتی دەسەڵاتدارانی حکومەت بۆ ئەوەی شکستەکە لە خۆیان دوربخەنەوە تاوانەکانیان خستە ئەستۆی باڵندەکان.
گوایا باڵندەکان ھۆکارن لە بەرهەم نەهیێنانی دانەوێلە.
بۆ ئەوەش بڕیاریاندا باڵندەکان بکوژن، بەڵام ڕەچاوی ئەوەیان نەکردبوو کە بە لەناوبردنی باڵندە، کرم زۆر دەبێت.
بۆیە ساڵی دوایی بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی کرم؛ زیانێکی یەکجار زۆر لە بەرھەمی کشتوکاڵی وڵات کەوت. حکومەتی چینی خستە سەرچۆک.
ملیۆنان مرۆڤ بوونە قوربانی بڕیاری خوار و خێچی راوێژکارەکان.
لەسەردەمی سەرۆکایەتی ھەرێمی مەسعود بارزانیش؛ کۆمەڵێک قەیرانی یەک لە دوای یەک ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانانە و پاراستنی کورسیەکەی بارزانی لە شکست، راوێژکارەکانی بارزانی لە رێگای ریفراندۆم ویستیان شکستەکانیان بشارنەوە و ڕاستیەکان بەلارێدا ببەن.
بە ھەر رێگایەک بێت لە بیر خەڵکی ببەنەوە.
زۆرمان ھاوارکرد و گوتمان خۆلادان و چاوداخستن لە راستی بابەتەکان، میللەت ماڵوێران دەکات بەڵام خۆیان وتەنی؛ نە گوێ لە ئێمە گرتن و نە (حیسابی ئەھندەیان) بۆ رای ئێمە کرد.
کاتێک بە ئاگاھاتنەوە، ھەموو شتێکیان لە دەست چوو. یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ مانەوەی خودی بارزانی بوو لەسەر کورسیەکەی، بەڵام کوردەواری گوتەنی، وەھا پێچەوانە بووەوە، بۆ ریش چوون سمێلیشیان لەسەردانا.
ئێستاش دوای پێنچ ساڵ، بارزانی کوڕ ھەمان سیناریۆی باوکی ئەنجام دووبارە دەکاتەوە.
گوێ نەدانی بە ڕابردوو ھەمان ئەنجام و چارەنووسی باوکی دەبێت. مەسروور بارزانی لە جێگایی ئەوەی دان بە شکستی حکومەتەکەی دابنێت کە نەیتوانی مووچە دابین بکات؛ کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی دەستگیرکرد، بۆ ئەوەی خۆپیشاندان سەرنەگرێت.
مەسروور بارزانی لای وابوو دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و دواتر حوکمدانیان، باری لاری حکومەتەکەی راست دەکاتەوە و خەڵک دەترسێنت و خۆپیشاندەران سەرکوت دەکات و خۆپیشاندان خامۆش دەکات، کەچی قوڕەکەی زۆر خەستترکردەوە بەسەر حکومەتەکەی، کە ئێستا بەرەو لێواری روخانی دەبات.
بە ھۆی ئەو شکست و سەرکێشی و سەرسەختیەی بارزانی باوک و کوڕ؛ ڕقی ئەمەریکا و ئەوروپاشی جوڵاند بەرانبەر حکومەتەکەیان.
ئێستاش، راوێژکارەکانی بارزانی و تەنانەت خودی بارزانیش قەیران بە قەیران رادەسپێرن.
لایان وایە بەو شێوەیە رزگاریان دەبێت، بێ ئاگا لەوەی رۆژ بە رۆژ لە روخان نزیکتر دەبنەوە. نەزانین و کەم ئەزموونی حوکمڕانیشیان کارەساتێکی ترە کە لە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا وەک دەسەڵاتێکی دکتاتۆری رەزا قورس و خوێن تاڵ دەردەکەون، لەگەڵ ئەوەی خۆیان ھیچ لە دۆخەکە تێناگەن؛ بەڵام ئەوەی ڕێنماییشیان بکات؛ ھەوڵی دەرپەڕاندنی دەدەن و بەجۆرێک لە جۆرەکان بێ دەنگی دەکەن.
ھیوادارین مەسروور بارزانی بەو شێوەیە گوێڕایەڵی راوێژکارەکانی بێت، وەک لە پێشوو گوتمان؛ ئەرک و ماندووبونی ئێمە کەم دەکاتەوە و وەک ھەمیشە دەڵێین؛ سوپاس بۆ راوێژکارەکانت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button