بەهۆی هێرش کردنە سەر مامۆستاکانی منداڵەکەی هاووڵاتیەک دەستگیر کرا

لڤین:

باوکی کچە قوتابییەک لە هەولێر هێرشیکردە سەر مامۆستایانى قوتابخانەیەک دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١ ) لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، ڕایگەیاندووە،” بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ( ٩ ) لە قوتابخانەی پەیام لە شاری هەولێر بەهۆی بانگکردنی باوکی قوتابییەکەوە کێشە لە نێوان کارگێڕی قوتابخانەکە و باوکی قوتابییەک دروستبووە.”

ئاماژەی بەوەیشداوە کە، “باوکی قوتابییەکە سوکایەتی زۆری بە مامۆستاکان کردبوو هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر مامۆستاکان و لەو کاتەدا یەکێک لە مامۆستاکان ویستویەتى وێنەی بگرێت، باوکی کچە قوتابییەکە مۆبایلەکەی شکاندووەو لەگەڵ خۆی بردوویەتی”.

وتەبێژی پۆلیس، ئاشکرایشیکردووە،” دواتر لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەکەوە سکاڵا دژی ئەو کەسە تۆمار کراوەو دوای کەمتر لە کاتژمێرێک کەسەکە دەستگیرکراوەو لەکاتی دەستگیرکردنەکەشی ماددەی هۆشبەری پێ گیراوەو دەوترێت مادەی هۆشبەریشی بەکارهێناوە”.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە،” باوکی قوتابییەکە بەفەرمانی دادوەرو بەپێی مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button