حکومەتی هەرێم دوو پڕۆژە یاسا و ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکانی پەسەند کرد

لڤین:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکانی دەرکرد و دوو پڕۆژە یاساشی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا “گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە پێویستە خەرجکردنی دەرماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەرماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان”.
هەر بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، تایبەت بوو بە “خستنەڕووی داهاتە ناوخۆییەکان و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئاستی پابەندیی وەزارەتەکان و پێداچوونەوە بە ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان”.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان) بە ئاراستەی هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لە وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ ڕێکخستنی کەرتی دڵنیایی وچاودێریکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری چالاکیەکانی دڵنیایی لە هەرێم و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان) کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە یاسایە، ڕێکخستن وهاندانی کەرتی تایبەتە بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆ و شەتڵ وهاوردەکردنی بنەتۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو.