خەتا لە پایتەختی فیدڕاڵەوە تا پایتەختی ڕۆشنبیری

خەتای یەکێتی نییە ئێوە کێشەکانی خۆتان بە نرخی کێشەی کورد و کوردستان بەخەڵکی دەفرۆشنەوە؟، پسوڵەی ئاو و کارەبا و داھات و باجی دائیرەی مرور چی بکات کە ئێوە گومرگی برایم خەلیلتان کردۆتە مەتەڵی ئاڵۆز باڵۆز و کەس لێی تێناگات؟

بۆچی دەبێ خەتای کەشناسی سلێمانی و ھۆرەی گەرمیان و لاوکی بادینان بێت کە ئێوە دیلی دەستی رێککەوتنی پەنجا ساڵەن و بەندی دۆسێی ئیمپریالی ئیقلییمی و تەونی جاڵجاڵۆکەی ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتن؟

گوێزی ھەورامان و گێوژ و مێووژی بەرھەمی خۆماڵی چی بکات کە فلاش میمۆرییەکەی ئاشتی ھەورامی سەد ڤایرۆس لێی داوە و کۆدەکەی بە سەد ئانەپانە ناکرێتەوە؟!

خەتای ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان چییە کە ئێوە رۆژێ خەتای پایتەختی بەغدای فیدڕاڵ دەگرن و رۆژێ ئێژن پایتەختی رۆشنبیری پارەی کەمی چاپی کتێب و کۆنسێرتی ھونەرمەندان نانێرێ بۆ خەزێنەی مەرکەزی؟ ترسمانە سبەی تاوانەکە بخەنە ملی ھەڵەبجەی پایتەختی شارەزوور یان باڵەکایەتی پایتەختی بەرخودان و خوێنبەخشین؟

خەتای دیموکراسی بێ وەی و بێ  گوناھ ، رێڕەوی پێچاوپێچ و گەمارۆدراوی کوردستان چییە کە ئێوە کۆنگرەی حزبتان پێ ناکرێ و گرفتە ناوخۆیەکانی خۆتان ھەناردەی دەرەوە دەکەن؟

ھەمووجارێ وا دەکەن، کاغەزەکان نەک تێکەڵ بەڵکو لەتوپەتی دەکەن، نەک دۆسێکان بەڵکو تەنانەت ماشێنیPaper shredder ورد و خاش دەکەن و دوایی دەڵێن وەک کاغەزەکانی سەفارەتەکان پێکیانەوە گرێ بدەن!! پێکەوە تیپ و کەتەر و سیکۆتینی لێ بدەن و بەخەڵکی بەش مەینەتی وڵاتی داماو بڵێن مەتەڵەکە ھەڵبێنە!

ھەموو جارێ وا دەکەن، چارەنووسی سیاسەت و ناکۆکی و تێڕوانینە جیاجیاکان بە ھەڵوەر و تەلەبەی تەمبەڵ دەسپێرن بۆ ئەوەی بڵێن دیموکراسیی و داد و ماف و ئاواتەکان کەڵکی نییە و گەلەکەمان لە چاکەی گشتی و ئەگەری چارەسەری بچووکترین کێشە بێ ئومێد بکەن.

سەیری بکەن چی ھەڵلایەکیان دروست کردووە، وەک رۆژگاری گوڵان و یەڵان و گومرگی برایم خەلیل، وەک زەمانی شۆی بێ تامی گۆدەلۆپی و ئەنتۆلێنا کە تەقەی خۆشی دەکرا گوایە منداڵی چاوگەش دۆزرایەوە و ئیتر خاتر جەم بن گرفت نەما خەمتان بداتێ.

ئەمە بۆیان چۆتە سەر کە ھەموو جارێ دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن وەختێک بابەتەکە دەگاتە سەر قووت و موچەی خەڵکی و چارەسەرێکیان پێ نییە وەک تەمسیلی «خۆتان بگرن ئەوا ھات» کە سەماد و ئارد لە پایتەختەوە دێت و لەبەر بەشی کۆمپانیاکانی نەوت و کەشتییەکانی کەنار دەریای پسفۆر بەشی نانی سوتاوی خەڵکی گێمەدەێ و قالاوە ناکات. بۆیان چۆتەسەر یان بۆیان سەر دەخەن چونکە دیزاینەکەیان بە دڵە؟!

بوختانە گەر بڵێین بۆیان چۆتەسەر چونکە میللەتەکەمان بێ دەنگ و رەنگ و بێ قسەیە، بڵێین شانی ئەم خەڵکە بێ باکە ھەر ئەوەندە ھەڵدەگرێ کە لە دووری دوورەوە سێبەری ھەڵک بانک و ئۆپەراسێونی ھەرێمایەتی دیارە و ھەمووجارێ ڤیاگرای پایتەختەکان بە ھانایانەوە دێت. رۆژێ بە ناوی خۆشناوی نەتەوە و سەربەخۆییەوە و شەوێکیش بەناوی تیۆری ھەر کەس لە ماڵی خۆی و نیوەڕۆیەکی ناکاویش بە ناوی چاکسازی بە ھێنانەوەی داھاتی دەخیلەی ریعایە قاسرین و دایرەی خەڵوەتگەی پیری مەیسەر دەبێت.


ستران عەبدوڵا

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button