چەند رەخنەیەکی ئۆجەلان لە هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش

بەڕێز ئۆجەلان لە دیدارەکانی ئاشتییدا، کاتێک پەروین بوڵدان و سەلاحەدین دەمیرتاش دەبینێت، هەڵسەنگاندنێکی زۆر جوانی کەسایەتییەکانیان دەکات. ئۆجەلان زو دەزانێت ناووبانگی دەمیرتاش لە خودی توانا سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئایدیۆلۆژییەکانی دەمیرتاش زیاتر چۆتە پێش، هەربۆیە لەپاڵ هەندێک بەرزنرخاندنی دەمیرتاشدا، هەندێک رەخنەی جدیی ئاراستە دەکات.
لە یەکێک لە رەخنە هەرە سەرنجڕاکێشەکانیدا، ئۆجەلان دەڵێت “خۆڕێکنەخستن بە هزری سیاسیی گەورە، نەخۆشیی نوێی ئێمەیە”.
لە شوێنێکدا، ئۆجەلان درێژەی دەداتێ و باسی سەرۆکایەتیی دەکات کە چ ئەرکێکی قوڕسە و چۆن توانیویەتی ٢٠ ساڵ خۆی لەژێڕ ستەمی زینداندا رابگرێت. باسی عوسمانی برای و شەمدین ساکیک و سەلیم چروکایا دەکات، دەڵێت “خۆزگە کەسێک دەربکەوێت سەرۆکایەتیی تەسلیم بکەم. عوسمان و شەمدین ساکیک و سەلیم چروکایا بۆ یەک سەعات پاشایەتیی، دەوڵەت دەفرۆشن. بۆ ژنێک کوردستان دەفرۆشن. وەرنە شوێنی من یەک رۆژ و ئەو بەرپرسیارێتییە بخەنە سەر شانتان، شەق دەبەن، زۆر قوڕسە”.
کە باسی شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا دەکات، دەڵێت دەبێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزی ناو ناتۆ خۆتان ئامادەبکەن.
کە باسی خەباتی ژنان دەکات، وتەیەکی حەزرەتی عائیشە باسدەکات کە دەڵێت: <<خودای گەورە نەوەکو ژن، بەڵکو وەک شاخ منت خولقاندبوایە.
کە رەخنە لە هەدەپە دەگرێت کە ناتوانن کار بۆ گەنجان و بێکاران دروستبکەن، باسی ئورفا دەکات، دەڵێت “کاتێک چومە سوریا، یەک فلسم پێنەبو. (خۆڕێکخستن و پێشکەوتن) تەنها پەیوەست نییە بە بێدەرفەتیی. ئەگەر هێزەکانتان بەڕاستیی رێکبخەن، بۆ نمونە، بەتەنها خاکی روها ١٠ هۆڵەندا دەهێنێت” ئینجا پێیاندەڵێت “ئەگەر نەتوانن چارەسەرییەک بۆ چارەکە ملیۆنێک بێکار بدۆزنەوە لە ئامەد، دەبنە تاکێکی سادە”.
بەڵێ، نەخۆشیی گەورە و هەرە مەترسیداری ئەمڕۆی ئێمە، لە هەربەشێکی کوردستان، لەسەر ئاستی سیاسیی، تەنانەت لەسەر ئاستیی تاکەکەسیی و دینیی و کۆمەڵایەتییش، خۆڕێکخنەخستنە بە هزری گەورە، بە هزرێک کە وەڵامدەرەوەی رۆژ بێت، رابردو راستبکاتەوە و داهاتو بونیادبنێت. هزرێک کە دیموکراتیک بێت و بتوانێت خۆشبەختیی بۆ گەلان بێنێت و جیاوازییە چینایەتیی، کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان نەهێڵێت و بچوکیان بکاتەوە. بەڵێ، نەخۆشیی گەورەی ئێمە ئەوەشە ئێمە لە ئاست قوڕسیی و زەحمەتییەکانی رۆژگار نین، تەنانەت یەک رۆژیش خۆمان راناگرین.
ئۆجەلان بەو سیاسەتکارانە دەڵێت کە بە هزری گەورە خۆیان رێکناخەن “سیاسەتمەداری زۆربڵێ” و “تاکی سادە”.
ئێستا، ئەو رەخنە و سەرنجانەی ئۆجەلان لە کۆنتێکستی باکوری کوردستان دەربێنە و بیخە کۆنتێکستی باشوری کوردستان!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button