ئەندامێکی لیژنەی دارایی:

مە‌رجی‌ به‌غدا بۆ ناردنی پشكی بودجە بۆ هه‌رێم ئاشکرا دەکات

لڤین:

‌ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتییدا، گرێدراوە بە جێبەجێکردنی چوار بڕگەی یاساکە، دەشڵێت: پێویستە ھەرێم، چوار بڕگەکە جێبەجێ بکات.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “چوار بڕگە لە یاسای بودجەی گشتیی 2021دا ھەن، ئەگەر جێبەجێکران، ئەوا پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتییدا رەوانە دەکرێت”.

سبارەت بە بڕگەکانیش وتی: “بڕگەی یەکەم و دووەم تایبەتن بەوەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان، 250 ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتەکانی نا نەوتی رادەستی ناوەند بکات، بڕگەی سێیەمیش ئەوەیە، لیستی تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەست بکرێت و بڕگەی چوارەمیش ئەوەیە ڕێگە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی بدرێت کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە ھەژمارەکانی ھەرێم لە ساڵی 2003وە تا ئێستا، بکات”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیشیکردەوە کە ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتییدا، گرێدراوە بەجێبەجێکردنی ئەو چوار بڕگەیە و پێویستە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و ئامادەیی حکومەتی ھەرێم بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە بخاتەڕوو.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button