ڕێباز حەملان ڕوونكردنەوە لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچەوە دەدات

لڤین:

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حکومەتی هەرێم، دەڵێت: دابەشنەکردنی مووچە بابەتێکی تەکنیکییە، بۆیە کاتێک کێشەیەک دروستدەبێت دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە، دەشڵێت: دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دواکەوتنی مووچە چەند هۆکارێکی هەیە،لە وانەش “هاتنەوەی داهاتی نەوت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکی تێکەوتبوو، بۆ نموونە لە دەرەوەی عێراق لە ڕۆژی دووشەممەوە دەوام دەستپێدەکات و ئەوەش هەندێکجار ناردنی پارە دوادەخات، هەروەها گۆڕینی دۆلار بۆ دیناریش کاتی دەوێت”.

ڕێباز حەملان، ئاماژەی بەوەشداوە “سیولەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و 30 ڕۆژ جارێک مووچە دەدرێت، لە دوێنێوە سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران هاتوونەتە سەر هێڵ و ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە”.

سەبارەت بە لیستی مووچەی ئەم مانگەش وتی: “وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچە ڕادەگەیەنێت”.

یاریدەدەری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەبارەی ناردنی بودجە لە عێراقەوە وتی: “پێموایە لە مانگی شەش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button