ئەو عەترەی بەسەر نیشتیماندا پڕژا

بۆ یەكێتی…

 

بیر لەوە دەكەمەوە بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شتێك بنوسم، یادەوەریم ئەمباتەوە ساڵی( 1975 )و ناچارم ئەكات بەراوردێكی سەیر بكەم لەنێوان دوو روداو، كە جوگرافیایەكی زۆریان بەینە، بەڵام ئاماژەو پەندەكانیان وا ئەكەن ئەو بەراوردە لە مێشكی مندا خۆی بسەپێنێت.

سەرەتای ئازاری (1975) شۆڕشی ئەیلوول توشی شكست و نشوستیەكی كەمەر شكێن هات، ئەو شۆڕشەی ئێرانی شا و ئەمریکای ئەوسا پشتیوانی بوون کەچی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و بە رێكەوتنامەی شوومی جەزائیر كۆتایی هات ، بەڵام لە كۆتایی مانگی نیسانی هەمان ساڵدا، لە رۆژهەڵاتی دوور، شۆڕشی ڤێتنام بە پشتیوانی چین و سۆڤیەت سەركەوت و ڤێتنامی باشور كە ئەمریكا و رۆژئاوا پشتیوانی بوون كەوت، ئیتر ئەوان ولآتێكیان رزگار کرد و یەکخست كە ئێستا مایەی ئەوەیە شانازی پێوە بكەن.

بیركردنەوەی من لە دامەزراندنی یەكێتی، بیركردنەوەیەكی عاشقانەیە، بەوە كۆتایی نایەت تەنیا بیر لە دانایی و پشوی درێژی رابەرێكی بێوێنەی كوردایەتی بكەمەوە، كە لەمەنفا لەگەڵ ھاوڕێکانی تۆوی ئومێدو هەستانەوەی چاند و کانیاو و جۆگەلەكانی كوردایەتی ناو وڵاتیش بەتایبەت ئامادەسازیەکانی كۆمەڵەو بزووتنەوەو دەستپێشخەری كاك ئارام و كۆمیتەی هەرێمەكان، رووباری شۆڕشی نوێی دروست كرد، بەجۆرێك وڵات و كوردستانی پاراو كرد ئیتر بۆ بەهاری ساڵی( 1991 )گوڵاڵە سوورەکانی سەركەوتن بەشی زۆری نیشتمانیان پۆشی.

ئەم خەیاڵە خەیاڵێكی بەراوردكاریانەی بێ كۆتاییە، ئەمباتەوە ناو پەیوەندی ئاڵۆزی بەهار و كورد، كە بۆ ئێمە وەرزێكی ئاسایی نییە، زۆربەی كەوتن و هەستانەوەكانمان لەو وەرزەدان، گەورەترین جەژنی نەتەوەیمان نەورۆز، كەهێمای سەركەوتنە، رۆژی یەكەمی بەهارە، ئەدەبیاتی كوردی پڕە لە نموونەی بەیەكەوە بەستنەوەی بەهار و سەركەوتن و بوژارنەوەی كوردایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نشوست و كەوتنەكانیشمان لە بەهارن، تراژیدیای کیمیاباران و ئەنفال و كۆڕەو هەر لەبەهاردا كونیان كردە جەرگی كورد و كوردستان، ئیتر یەكێتیش بە دەرزی و دەزوی خەباتێكی بێ وێنە هەر لەو بەهارەی نوشستی شۆڕشی ئەیلولی تێدا نوسرایەوە، داستانی هەستانەوەی دەستپێكرد، تا دواجار هەر لە بەهاریشدا لە ساڵی (1991 )به ئەندازیاری کاک نەوشیروان و بەشداری کاریگەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەڵکی کوردستان راپەری و رژێمی بەعسی راماڵی ولە هەمان کاتدا غروری رژێمێ دیكتاتۆری دڕِندەو سوپاكەی لەژێر خەێوەتكەی سەفوان شكا .

من بۆ ئەم یادە نامەوێ باسی ئەدەبیات و ئەزمونی كوردانەی یەكێتی بكەم لە ساڵی (1975) ەوە تا ئێستا ، نامەوێ تەنیا باس لەو داهێنانە بكەم كە یەكێتی بە كوردایەتی و بە چەمكی شۆڕش و هەستانەوەی بەخشی، نامەوێ باسی تاقە ئەزموونی ناو مێژووی كورد بكەم كە خەبات و تێكۆشان و شۆڕشی بەسەركەوتن بەستەوە، بۆ یەكەم جار شەرەفی بونیاتنانی ئەو پردەی پێ بڕا كە لەژێردەستەییەوە كوردی پەڕاندەوە بۆ سەربەخۆیی. لێرەدا كە باسی مێژووی یەكێتی و هەستانەوە و شۆڕشی نوێ ئەكەم بێگومان نكوڵی نییە لەخەبات و رۆڵی هیچ لایەن و هێزێك، من دەمەوێ زیاتر لەو دەمارو رایەڵە ئاڵۆزانە ورد ببمەوە كە لەناو كەوتن و هەرەسەوە، خوێنی بەرخۆدان و بەرگریان دەگواستەوە، چۆن لە هەویری بێ هیوایەوە نانی ئومێدیان بەرهەم ئەهێنا!بەتایبەت ئەو سەردەمە ئێمەی ئەندامانی كۆمەڵە لە بەهاری تەمندابووین لە چوارچێوەی (هەرێمی باوەڕ ـ کە دوای ناو نرا هەرێمی پێشرەو ـ)ی كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە خۆمان رێكخستبوو، رەنگە حەماسی شۆڕشگێڕانەمان رێی ئەوەی پێنەدابین زەبری ئەو غەدرە زۆرە وەكو خۆی ببینین، كە لە بەهاری( 1975)دەرحەق بە كورد كرا، چونكە هەر زوو سەرمەستی ئەو فەزا تازەیە بووین كە كۆمەڵە لە چوارچێوەی یەكێتیدا دروستی كرد، ئەو فەزایەی كە هەزاران گەنجی وەكو ئێمەی وا لێكرد لەجیاتی ئەوەی (باوەش بە ئەژنۆی بێئومێدیدا بكەین) روومان لە خەونی هەستانەوەو سەركەوتن كرد، بەشانازیەكی گەورەشی دەزانم كە ئەو كاروانە منی كردە هاوڕێ و هاوخەباتی چەندین تێكۆشەری دانسقەی كوردایەتی.

دوای ئەو هەموو ساڵە بیر لەوە دەكەمەوە كە ئێستای كوردستان و یەكێتی وەكو تەونێك بەدەست و پەنجەی هەزارەها شەهید و خەباتكار، زیندانی سیاسی و پێشمەرگەو رێكخستن بەرهەمهاتووە، بۆیە پێم وایە بەرپرسیارێتی نەوەی تازەی یەكێتی بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە، چۆن پارێزگاری لە كەلتوری سیاسی و سەروەریەكانی رابردوو ئەكەین و بە كەرەستەو بیرو شێوەی تازەی خەبات موتوربەی ئەكەین و حوکمڕانی دادپەروەر و خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆڵەکانی وڵات بنیاتدەنێن و چۆنیش یەكێتی وەكو درەختی هەرە سەوزی كوردایەتی و بەرھەمدار و خزمەتگوزار بۆ خەڵک مەیسەر ئەكەین. ئاخر یەكێتیەكان ئەبێ بزانن رەگی خەبات و تێكۆشان ئاو و خۆراك دەبەخشێتە گەڵا و لقەكانی ئەو درەختەی كەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەو رەگە بەهێزەیە وا ئەكات سایەو سێبەری یەكێتی فراوان و ئاوەدان بێت،چونكە دەگوترێت ئەوەی باش مێژوو بخوێنێتەوە، مێژووش ئایندەیەكی باشی بۆ مسۆگەر دەكات، بۆیە پارێزگاری لەو سەروەتە شۆڕشگێریەی رابردوو، كە خاڵە شەهاب و هاوڕێكانی بە(كەم ژیان و كەڵ ژیان) دەستیان پێ كرد و ئارام و عەلی عەسكەری و رێبوارانی تری كوردایەتی پەرەیان پێداو بەخوێنی خۆیان پاراویان كرد، بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە.ئەبێ بزانین یەكێتیەكەمان حزبی رەنگێك و قۆناغێك و شارێك نییە

یەکێتی بە هێزی رەنجدەرانی بیر بازوو تێدەکۆشێ لە پێناو ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی چارەیخۆنووسین بۆ خەڵکی کوردستان ، یەكێتی ئەو عەترە دەگمەنەی كوردایەتییە، كە مامجەلال و هاوڕێكانی دروستیان كردو دواتر بەسەر دێهات و شار و تەواوی خاكی نیشتماندا پرژا

لەیاد( 46) ساڵەی یەكێتی و( 45 )ساڵیادی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا پێویستمان بە زیندوكردنەوەی زیاتری خەسڵەت و شوناسی یەكێتی هەیە كە داهێنەری شێوە خەبات لە چوارچێوەی كاری ھاوخەباتی و ھاوپەیمانی بوو ، بۆ ئەوەی ھەردەم یەکێتی هێزی گۆڕانكاری و تێكۆشان بەهەموو رەنگ و تایبەتمەندیەكانیانەوە بگرێتە خۆ، لە ڕابردوشدا بینیمان چۆن یەكێتی بە رابەرایەتی مامجەلال بەم داهێنانە لە هەلومەرجێكی یەكجار دژواردا شانبەشانی هێزەكانی تر كاری گەورەی كرد.

ئەمڕۆ یەكێتی لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەتۆخكردنەوەی ئەو شوناسە هەیە كە هەمووان بەیەكەوە ئەركی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەش بگرینە ئەستۆ و بەرێزگرتن لە سەرەوەریەكانی رابردوو و تۆكمەكردنی ئێستامان ، داهاتووی میللەتەكەمان مسۆگەر بكەین و لەئاست چاوەڕوانی و متمانەی خەڵک و كەسوكاری شەهیدان و تێكۆشەرانمان بین..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button