ئایا راستە پارە نیە لە بانكەكاندا.؟؟؟

حەقیقەتی نەبونی موچە..

ماوەی دوو مانگە كێشەی رادەستنەكردنی پارە هەیە لە نێوان پارتی و یەكێتی بە حكومەت، پارتی دەڵێت یەكێتی پارەی سلێمانی رادەست ناكات و یەكێتیش دەڵێت پارتی پارەی نەوت و ئیبراهیم خەلیل بۆخۆی دەبات.
مانگی رابردوو یەكێتی لەكۆی (80 ملیار) دیناری داهاتی سنوری سلێمانی كە دەچێتە بانكی هەرێم لە سلێمانی، تەنیا (55 ملیار) دیناری رادەستی ئەو بانكە كردوە، ئەویش بە بیانووی ئەوەی پارتی نزیكەی (50%) پارەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و بەشێكی زۆری داهاتی نەوت بۆ خۆی دەبات.
رۆژی یەكشەممە بانكی هەرێم لەسلێمانی بەوەزارەتی داراییان راگەیاندووە، كە پارە لە بانكدا نیەو هیچ بڕە پارەیەكی داهاتی ئەم مانگە نەهاتووەتە بانكەكەمان، واتا یەكێتی نایەوێت پارە رادەستی حكومەت بكات.
پارتیش رۆژی یەكشەممە بڕیار دەدات پارەی گومرگی برایم خەلیل و حاجی ئۆمەران و داهاتی نەوت دوا دەخات و نایخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، لەلایەك بۆ فشارخستنە سەر یەكێتی بۆ رادەستكردنی داهاتەكانی سنوری خۆی و لەلایەكیش بۆ فشارخستەنە سەر گۆڕان كەخۆتان لە حكومەتن و وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵەدەكەن.
بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە وەزارەتی دارایی تەنیا (80 ملیار) دیناری لە قاسەكەیدایەو بە دوو رۆژ تەنیا موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكات كە تەنیا (40 ملیار) دینارە، مانگی رابردوو لە 24/4/2021 بڕی ( 706 ملیار) دیناری نەوت و خاڵە سنورییەكان خرایە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە.
پارتی توڕەیە لە یەكێتی و گۆڕان، لەلایەك كە لە حكومەتن و وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن، لەلایەكیش حكومەت دەسەڵاتی بەسەر دامەزراوە دارایی و گومرگەكانی سلێمانیدا نەماوە، یەكێتیش لە پارتی توڕەیە كە داهاتی نەوت و گومرگەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانی لەبەردەستەو بە ئارەزووی خۆی دەیخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی و حكومەت و بەشی زۆری بۆخۆی دەبات.
بۆیە كێشەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان یەكێتی و پارتییەوە هەیە نەك نەبونی پارە، ئەگەرنا بۆچی مانگی رابردوو لە 22ی مانگەوە تەواوی پارەی خاڵە سنورییەكان و داهاتی نەوت و ناوخۆ خرایە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە بۆچی بۆ ئەم مانگە هیچیان دیار نیە..؟؟
ئەگەر پارەی داهاتی نەوت دواكەوتووە خۆ پارەی داهاتی ناوخۆ زیاتر لە(350 ملیار) دینارە، بۆچی ناخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی.
ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی وەزیری داراییە كە بەروونی باسی حەقیقەتی نەمانی پارە بكات لە بانكەكان ئایا بە راستی پارە نیە، یاخود نایخەنە بەردەستی..؟؟ كەچاوەڕوان ناكرێت هیچ وەزیرێكی گۆڕان و یەكێتی قسەبكەنن چونكەوەك خۆیان دەڵێن ئەوان لە حكومەت یەك تیمن و هیچ كێشەیەكیان نیە..
ئەگەر پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان بە راستیانە، هەریەكەیان با لەوەزیرەكانی خۆیان بپرسن، كە ئەگەر حزبەكانیان ناڕازین بۆچی نوێنەرەكانیان لە حكومەتدا هیچ كێشەیەكیان نیە.. ئیتر ئەم تەپوتۆزە چیە درووستیان كردوە.؟؟؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button