ئەو رێکخراوەی سەرۆکی حکومەت لە سلێمانی سەردانیکردن کێن؟

لڤین:

رۆژی ٢٣ی مانگ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بۆ کردنەوەی سایلۆ و پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی لە سلێمانی، لە تویتەری خۆی ڤیدۆیەکی بڵاوکردەوە و تیادا سەردانی رێکخراوێکی کردووە و پشتیوانییان دەکات و ستایشی کردن بۆ کارەکانیان.

 

ڕێکخراوی فایڤ وەن لابس وەک خۆیان دەڵێن ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و خۆبەخشانە کاردەکات بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی گەنجان لە عێراق و سوریا و لقیان لە هەولێر و سلێمانی هەیە، بەرپرسان و ئەندامانی رێکخراوەکە لەو ڤیدیۆیەی سەرۆکی حکومەت بڵاوی کردووەتەوە، دڵخۆشی خۆیان بە سەردانەکە دەربڕیوە.

 

بە پێی بانگەشەکانی خۆیان ئەم ڕێکخراوە پاڵپشتی دەکرێت لە لایەن ڕێکخراو و کۆمپانیا جیهانیەکانەوە و پشتیوانی گەشەپێدانی کاردەکات.

ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2016 دامەزراوە و لە 20 ی ئابی 2018 یەکەم بانگەشەی هەلی بەشداریکردنیان لە کارەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردۆتەوە، ئەوان لەسەر پێگەی فەرمی خۆیان لۆگۆی چەند رێکخراوێکی جیهانیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە لەلایەن ئەوانە پشتیوانی دەکرێن کە لە نێویاندا رێکخراوی ئونسێف هەیە.

سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەیدا بۆلای ئەو گروپە گەنجە، کە کارەکانیان لە سنوری شارەکەدا نەناسراوە پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین و ستایشی کارەکەی کردن، بە سەرقافڵەی بزنسی کوردستان ناوی هێنان لە کاتێکدا رێکخراوەکە خۆیان دەڵێن ئەوان قازانج نەویستن و هاوکاری لە رێکخراوەکان وەردەگرن.

 

سیستمی کاری ئەم ڕێکخراوە بە جۆرێکە کە یارمەتی دارایی و مرۆیی پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە بەشداریان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکان و تا ئێستا توانیویانە نیو ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری پیشکەش بە بەشداربووان بکەن.

 

سەردانەکەی بارزانی بۆ میدیاکان جێی سەرنج بوو، چونکە ئەو رێکخراوەی سەردانی کردن چالاکیەکانیان، لە رووی جەماوەریەوە نەناسراوە، شێوازی کارەکانیشیان جیاوازە و سێ بەشی کارکردنیان هەیە کە یەکەمیان بۆ پاڵپشتی ئافرەتانە خۆیان دەڵێن ڕێکاری گونجاو دادەنێن بۆیان تا کارەکانیان بەرەو پیشبەرن.

کارێکی دیکەی رێکخراوەکە پڕۆژەی پاڵپشتی گەشەکردنی کاری دامەزراوەکانە کە ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە کە پرۆژەیەکیان هەیە و دەیانەوێت زیاتر بە بازاری بکەن و ڕێکخراوەکە پاڵپشتی داراییان دەکات هەرچەندە ئەم بەشە ئێستا راگیراوە.

کارێکی دیکەی رێکخراوەکە هاوکاری و ڕاوێژی تایبەت بەو کارانە دەبەخشێت کە لە قۆناغی گەشەسەندندان و دەیانەوێت کارەکانیان پڕۆفیشناڵانەتر بکەن.

بارزانی کە لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵیش لەگەڵ چەند گەنجێکی دیکە کۆبوویەوە و رایگەیاند بوو کە ئەو پشتیوانی کەرتی تایبەت و رۆڵی گەنجان دەکات لەوبوارەدا.

بارزانی نە پێشوتر و نە دوێنێش شێوازی پشتیوانی و هاوکاریەکانی بۆ ئەو رێکخراوانە ئاشکرا نەکرد، کە چۆن و بە چی شێوازێک هاوکاری و پشتیوانیان دەکات.

ئەوەی سەرنج رادەکێشێت دامەزرێنەرانی ئەم رێکخراوە هەرسێکیان بیانین و خەڵکی هەرێمی کوردستان نین و کارەکانی رێکخراوەکەش سەرجەمیان  بە زمانی ئینگلیزیە و یەکێک لە مەرجەکانی پشتیوانی ئەو کەسانەشی پڕۆژەیان هەیە دەبێت زمانی ئینگلیزی بە تەواوەتی بزانێت.

ئەلیس بۆسلی وهەریەکە لە پاتریشیا لەتیفی بەریتانی و عەلی پاراچا کە خەڵکی تورکیایە وەک دامەزرێنەری رێکخراوەکە ناسراون، بەڵام دوێنێ لە کاتی پێشوازییەکەدا سەرجەم ئەوانەی ئامادەبوون بە زمانی کوردی لەگەڵ سەرۆکی حکومەت قسەیان کرد.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button