کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆ: چاندنی گون لە ھیچ جێ یەکی دونیا ئەنجام نادرێت

لڤین:
کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان، رایدەگەیەنێت، نەشتەرگەری چاندنی گونی پیاوان لە هیچ جێیەکی دونیا ئەنجام نادرێت و لە رووی زانستی یەوە دوور و نزیک ھیچ بنچینەیەکی نیە.
کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە تیادا دەڵێت:لە رۆژانی رابوردوو راپۆرتێک لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە پیشان درا دەربارەی نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ وە باسی گواستنەوە و چاندنی گون کرا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.
ئەو کۆمەڵەیە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: ئەم بابەتە لە رووی زانستی یەوە دوور و نزیک ھیچ بنچینەیەکی نیە و پێمان سەیرە ئەم ھەواڵانە لە کوێ وە سەرچاوە ئەگرن و بۆ چی مەرامێک بڵاو ئەکرێنەوە.
کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆ وتوشیەتی “ئەم نەشتەرگەری یە لە ھیچ جێ یەکی دونیا ئەنجام نادرێت چونکە بە پێی یاسا و ئایین قەدەغە و تاوانێکی گەورەیە و لە رووی کرداری نەشتەرگەری یەوە زۆر زەحمەتە”.
وەک راستکردنەوەیەکیش ئاماژە بە ھەڵەیەکی زانستی دەکات و دەڵێت “ھیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان گونی چەپ و راست دا لە ھیچ رویەکەوە.”
کۆمەڵەکە داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە لە دانان و ئامادەکردنی ھەر ھەواڵ و راپۆرتێکی پزیشکی پەیوەندی بە لایەنی تایبەتمەندی ئەو بابەتە بکرێت پێش بڵاو کردنەوەی چونکە ناشیرین کردنی وێنەی کاری پزیشکی لە کوردستان خزمەت بەھیچ لایەک ناکات.