لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچێت

لڤین:
دژی کوشتنی خۆپیشاندەران، بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوان و هاوڵاتییانی چەند پارێزگایەکی باشوری عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە بەڕێوەبچێت.
گرووپەکانی گەنجان چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک کە بڕیارە ئەمڕۆ بە ناونیشانی ” من شەهیدم.. کێ کووشتمی” لە بەغدا، کەربەلا، نەجەف و بابل و چەند پارێزگایەکی دیکە، سازبکرێت.
وەک گەنجان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بۆ دەکەن خۆپیشاندانەکە دژی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو لە پێناو دۆزینەوەی بکوژانی خۆپیشاندانەکاندایە کە لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە دەستیپێکردووە و فشارکردنە بۆ ئەو ئامانجە.
هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی دوو شەممەوە لە شوێنێ خۆپیشاندانەکان کۆبوونەتەوە بۆ بەرگرتن لە هەر پێشێوویەک.
هەریەک لە عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە و حازم ئەعرەجی نوێنەری رێبەری رەوتی سەدر لە پارێزگای بەسرە، داوایانکرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێت. بەڵام ئەبوعەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵای عێراق، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بە هەوڵێکی مستەفا کازمی لێکدایەوە، بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و درێژەدان بە ماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەی.