پێنج بەرپرس لە كەركوك دەستگیركران

لڤین:
دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند پێنج بەرپرسی ۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە كەركوك زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دیناریان بەفیڕۆداوە.

فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی دەستپاكی عێراق، رایگەیاند: توانیومانە بەرپرسی چاودێری ئەلیكترۆنی لە لقی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە كەركوك ئاشكرا بكات، هاوكات بەڕێوەبەرانی دوو بەنزینخانەی حكومەت و بەرپرسانی چاودێری لەو دوو بەنزینخانە، ئاشكرا بكات، كە كاری نایاساییان كردووە، بەوەی كاری پرۆگرامی چاودێریی ئەلیكترۆنییان تێكداوە، لە كاتێكدا ئەو پرۆگرامە چاودێری پرۆسەی پێدانی گازوایل بە ئۆتۆمبیلەكان دەكات.

دەستەكە لەبارەی جۆری پیشێلكاریەكانەوە ئاماژەی بەوە كردووە بریتین لە پێنەدانی زانیاری تەواو و دروست لەبارەی بڕی گازوایلی پێدراو بە ئۆتۆمبیلەكان و هاككردنی پرۆگرامە ئەلیكترۆنییەكە و گۆڕینی بڕە پێدراوەكان.

ئەوەشی روونكردووەتەوە چەند بەنزینخانەیەكی حكومەت و كەرتی تایبەت لە شارەكە زیاتر لە 60 ملیۆن لیترگازوایلیان فرۆشتووە، ئەوەش بەرامبەرە بە زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دینار .

دەستەی دەستپاكی راشیگەیاند: دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیان ئەو پێنج كەسە رەوانەی دادگا كران و دادگا بڕیاریدا بەپێی ماددەی 340ـی یاسای سزاكانی عێراق رایانبگرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button