تورکیا ٢٥ ڕاوێژکاری سەربازیی ڕەوانەی بەغدا کرد

وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیاند  ٢٥ راوێژکاری سەربازیی لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی ناتۆ، بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە سوپای عێراق رەوانەی بەغدا کردووە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: “راوێژکارە سەربازییەکانمان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی ناتۆدا لە پێناو پاڵپشتیکردنی سوپای عێراق، چوونە بۆ بەغدا”.

راشیگەیاندووە: “ئەو ٢٥ راوێژکارە سەربازییانە کە یەکێکیان ئەفسەرە بە پلەی عەمید، لەچوارچێوەی پەیمانی ناتۆدا ئەرک لە عێراق جێبەجێ دەکەن”.

ئەمەیش دوای ئەو سەردانە دێت کە وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار ھەفتەی رابردوو بۆ بەغدا و ھەولێر ئەنجامیدا.

خوڵوسی ئاکار لە ھەڵسەنگاندنی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و ھەولێر  رایگەیاندبوو: “بە دانانی میکانیزمی گونجاو رەنگە لە قۆناغی داھاتوودا ھاریکاری تورکیا-عێراق و تورکیا-ھەولێر ببێتە ھۆی کۆمەڵێک پێشھاتی زۆر گرنگ لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button