هاوسەرۆکی یەکێتی پشتیوانی پەیامەکەی پلاسخارت دەکات

لڤین:

لە کۆبونەوەیەکی نێوانیاندا هاوسەرۆکی یەکێتی پشتیوانی خۆی بۆ پەیامەکەی نوینەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربڕی و بە پەیامێکی دڵسۆزانەی لەقەڵەمداوە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی هەریەکەلە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی وجینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:  جەختمانکردەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان.

لاهور شێخ جەنگی وێڕای سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان “پشتیوانیی خۆمان دەربڕی بۆ پەیامە ڕاشکاوەکەی”  پلاسخارت کە وتبووی پێتان وانەبێت بۆ هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت.

لە بارەی ئەو پەیامەی نوێنەرەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی پەیامەکە “لە پێناو گەشەکردنی دیموکراسی و هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و هێنانەکایەی سەقامگیری سیاسی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێم، بە پەرۆشەوە دەستی خستە سەر کێشەکان و داوای نەهێشتنی ناکۆکییە سیاسییەکان و یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکانی کرد”.

هاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی داواکانی ئەو داوای حزبەکەی ئەوانیشە، جگە لەوەش لە دیدارەکەدا ‎باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرراوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بە گرنگیەوە باس لە پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە کرا و پشتیوانی یەکێتی بۆ ئەوەی ئەو هێزانە دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی حزبی دووپاتکرایەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button