سیستانی: كێشە نیە ئەگەر پێكهاتەی بەراز لە ڤاكسینی كۆرۆنادا بەكارهاتبێت

لڤین:
مەڕجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لەبارەی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا وەڵامی چەند پرسیارێكی داوەتەوە و رایگەیاندووە ڤاكسینانەی پەسەندكراون و مۆڵەتیان پێدراوە لە رووی شەریعەتی ئیسلامەوە هیچ گرفتێكیان نییە.
عەلی سیستانی، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی كۆمەڵەی خوخە لە بەریتانیا لەبارەی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا دەڵێت پشت بە زانیاری و وەڵامی كەسانی پسپۆر لەم بوارەدا ئەگەر زیانی لاوەكی هەبێت دەكرێت بەكار نەهێندرێت.
مەڕجەعی باڵای شیعەكانی عێراق راشیگەیاندووە”بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینانەی پەسەندكراون و مۆڵەتیان پێدراوە لە رووی شەریعەتی ئیسلامەوە هیچ گرفتێكیان نییە”.
سیستانی داوای كردووە یاسا شكێنی نەكرێت و دەڵێت “نابێت یاسا شكێنی بكرێت و پێویستە سەرەتا بدرێت بەو كەسانەی كە لەریزبەندی پێشەوەن، بەڵام ئەگەر ئەمەی تێدانەبێت كێشەی نییە.”
ئەوەشی وتووە كە بۆ تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە لەلایەن كەسانی خۆبەخشەوە “كەسی باوەڕدار دەتوانێت بەشداری تێدابكات بەمەرجی پاراستی سەلامەتی تەندروستی و روبەڕونەبوونەوەی بە مەترسییەك هەڕەشە لەسەر ژیانی دروست بكات.”
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەشی كە دەڵێن پێكهاتەی بەراز لە دروستكردنی ڤاكسینەكەدا هەیە سیستانی دەڵێت هیچ كێشەیەكی تێدانییە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button