موشەکە دور ھاوێژ و جبەخانەکانی  حەماس

موشەکە دور ھاوێژ و جبەخانەکانی  حەماس،شکۆمەندیی و خۆشگوزەرانیی بۆ  فەڵەستینیەکان  دابین ناکات.

 

وەک  چۆن   رۆژانێک  بو  تاقمە  تێرۆریستەکانی  ئەنسار و جوندولئیسلام ھەڵەبجە و شارەزوریان  کردبوە گۆمی  خوێن و خەڵکەکەیان  گیرۆدەی  تاریکیی  و  نەگبەتیی و ماڵوێڕانیی کردبو ، ئێستاش حزبوڵا لەباشوری لوبنان، لوبنانییەکان و  حەماس و جیھادی  ئیسلامیی  تێرۆریست  لە کەرتی  غەزە   فەڵەستینییەکانیان   روبەڕوی ھەژاریی  و  کوشتن  و  سەرلێشێواوی  کردوە، بە قسەی  بریقەداری  عەوام فریبی  راپێچی  جەنگە  ملھوڕییە دۆڕاوەکانیان  دەکەن بەحسابی  لە  ناوبردنی  زایۆنیزم  و  لەناوبردنی  کفر و  بێ باوەڕیی ، کەچی  ھێندەی  ئەم  پەلاماردان و پاڵەوانیەتییە  کارتۆنیانەیان  خزمەت  بە ئیسراییل دەکات ،ھێندە لۆبیی  ئیسراییل  لە جیھاندا پشتیوانیی  و ھاوسۆزیی  بۆ دەوڵەتی عیبریی پەیدا  ناکات .

 

حەماس  کەلە ساڵی ٢٠٠٦ەوە  دەستی بەسەر  کەرتی  غەزەدا  گرتوە  لە  ماڵوێرانیی  و جەنگ  و  زەبونیی زیاتر  ھیچی پێ نەبوە  بۆ دانیشتوانی  غەزە ، ئێستاش  غەزاوییەکان   ئەو دیمەنە  ترسناک و وەحشیگەرانەیان لەبەرچاوە کە،چۆن تێرۆریستەکانی  حەماس  دەیان نەیاری  خۆیان  لە  باڵەخانەکانەوە  بە زیندویی  فڕێ  ئەدایە  خوارەوە ،ئێستاش ھەمان رەفتار دوبارە  دەکەنەوە  بەڵام بە شێوەیەکی تر و باڵەخانە و تەلارەکانی نوسینگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و شوێنی  نیشتەجێ بونی  خەڵکیان  کردۆتە  سپەری  مرۆیی  و ترسنۆکانە  خۆیانی  لە ناودا  ئەشارنەوە و کردویانەتە حەشارگەی جبەخانە ودامودەزگا سەرکوتگەرەکانی تریان تا  لە  کاتی  ھەر دژە ھێرشێکی  ئیسراییل  دەیان  کەسی  مەدەنیی  بکوژرێن  و ماشێنەئیعلامییە  چەواشە کارەکانیان لە ناوچەکە  و جیھاندا  دەھۆڵی  درۆیان  بۆ بکوتن ، بەڵام  ئەم جادوگەرییە بەسەر  خۆیاندا  شکاوەتەوە و ئێستا   وڵاتانی  خاوەن بڕیار  و پێگەی  جیھان  ھاوسۆزی ئیسراییلن  و پشتیوانیی  لە  وەڵامدانەوەکانی حکومەتی  قودس  دەکەن  بەوەی  بەرگریی  لەخۆی  دەکات، بەمەش  حەماس  و جیھاد وەک  چۆن لە گێچەڵ و پەلاماردانەکانی  ساڵانی ( ساڵانی٢٠٠٧،٢٠٠٨،٢٠١٤) گەورەترین خزمەتیان بە  ئیسراییل  کرد، فەڵەستینییەکانیان  وەک  تاوانبار  ناساند  ،دەوڵەتی  ئیسراییلیش  وەک  قوربانیی .

 

بەندە  لەم  وتارەدا  ھیچ  مەبەستم نییە  داکۆکیی لە  ئیسراییل  بکەم، یان ھۆکاری  بەزۆر  چۆڵکردنی  ئەو چەند  خانوە  رون بکەمەوە  لەناوچەی (حی الشیخ  حیدر) کە کێشەیەکی  قانونییە  لە ساڵی  ١٩٤٨  تا ١٩٥٤  و دواتریش  تا  دەی  مانگی مەی⁄مایس، ھەر بە تەواوی  یەکلایی  نەبوەتەوە، بەڵکو  مەبەستم پەردە  ھەڵماڵینە لە روی  چەواشەکاریی  و  گەوجاندنەکەی    حەماس و جیھادی  ئیخوانیی تێرۆریست  و  دار دەستی  وڵاتانی  ئیقلیمیی،کۆیلەکانیشیان  لە  ھەرێمی  کوردستان  بۆیان ئەسەننەوە  و شیوانیان بۆ ئەگێڕن،  (کە  ھەردوکیان یەکەمیان واتە  جیھاد  لەساڵی  ١٩٨١ ەوە  و حەماسیش لە ساڵی  ١٩٨٧) ەوە گێچەڵ  بە  مەسەلەی  فەڵەستین  دەکەن  و  گەلەکەیان  کردۆتە  بارمتەیەک بۆ  مەرامی  خۆیان  و ئاغاکانیان ،رۆژێک  سەدام  حسێن ،رۆژێک ئێران و رۆژێک قەتەڕ و سعودیی و ئیمارات  جارێکی تریش سوڵتان ئەردۆگانی تورکیای عوسمانلی نوێ  ھەڵیان ئەسوڕێنن بەو خەیاڵەی  ئیمارەتێکی  وەک تاڵیبان  و داعشیان  بۆ دروست  بکەن . گەلی  فەڵەستین  لە غەزە  زۆر  لە مێژە  درۆ و گەوجاندنەکانی  حەماس و جیھادیان بۆ دەرکەوتوە کە  تەنیا  خوێنی  رۆڵەکانی  ئەوان بە ھەدەر  ئەچێت  و کراون بەقەڵغانی  مرۆیی،   مناڵ  و کەسوکاری  سەرەزلەکانی بەرپرسیارانی  ئەو خوێن ڕشتنە  بێ  ھودەیەش (وەک  ئەوانەی  عێراق  و کوردستان)  لە  تاوەرەکانی  خەلیفە لە ئیماراتی ئاژاوەچی، یا لە  پاریس و لندن شەوانیان دەگوزەرێنن.

خەڵکی بێ دیفاعی  غەزە  چ سودێک  ئەبینن  لەم  مقاوەمە  کارتۆنیەی  حەماس  لە  کوشتن  زیاتر، چ سودێک  ئەبینن   حماس  دەیان ملیۆن  موشەکی  پێشکەوتوی عەمبار کردبێت و بیگرێتە  قودسی  پایتەختی  ئیسراییل؟! ئایا  رزگاریان دەبێت و دەستبەجێ  دەوڵەتی   دیموکراسیی فەڵەستینیان  بۆ پێک دەھێنرێت؟! کۆتایی  دێت بە  ھەژاریی  و ماڵوێرانییەکانیان ؟!،نەخێر  بەڵکو  مەینەتیی  و لێقەوماوییەکانیان  زیاتر  بوە ، وەک  چۆن  عێراقییەکان  بەدەست  حزبوڵا  و مقاوەمەی  ئیسلامیی  و تێرۆریستەکانی  وەک   خەزعەلیی  و  موقتەدا  سەدر  گیرۆدە بون  و کاریکاتۆری  دەرکردنی  ھێزەکانی ئەمریکا زیاتر  بەقوڕدا دەچن ، لە  کوردستانیش  نمونەکانیان مەرامیانە  خەڵک  بە  ھەمان دەرد  ببەن !.

 

بۆیە  پێویستە  روناکبیران  لە  ناوچەکە  و کەسانی  خوێندەوار  و ھوشیار  لە  غەزە  ھەڵمەت رێک بخەن  بۆ  ریسوا کردنی  حەماس و جیھادی ئیسلامیی  تێرۆریست  و بەدرۆخستنەوەی ئیدعاکانی  ئەفسانەی  مقاوەمەتی  ئیسلامیی کە  لە مەینەتیی زیاتر  بۆ  گەلی  فەڵەستین  ھیچ  بەرھەمێکی  تری نییە ، گوشاری  ناوچەیی  و جیھانیی دروست  بکرێت  تا  حەماس و ئیخوانیی  و سەلەفییەکانی  تریش دەست  لە،بینەقاقای خاک و خەڵک  لە کەرتی  غەزە بەردەن، رێگە  خۆشبکرێت بۆ دانیشتوانەکەی  بە  ئارەزوی  خۆیان  چارەنوسی  خۆیان دیاری  بکەن  و پەیوەندیی  خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی  ئیسراییل  رێکبخەن بەوجۆرەی  لە  بەرژەوەندییانە لە چوار چێوەی    ھەردو دەوڵەتی  فەڵەستین  و ئیسراییلی  دراوسێ، دیارە  ئەو  داواکارییە  عێراقیش  دەگرێتەوە کە   ئەو حزب و تاقمە  تێرۆریستانە  چیتر  وڵات وێران  نەکەن  و داھات  و سامانەکەی  بەتاڵان  نەبەن  بە  دروشمی  چەواشەکارانەی دەرکردنی  ئەمریکا  و ھاوپەیمانان، لە  کوردستانیش  ئەو تاقمانە  دەست  لە یەخەی  گەلەکەمان بەربدەن  و، چیتر بەژەھری  پشتیوانیکردنی  حەماس  مێشکی  خەڵک  پڕ نەکەن  و  بە  ناوی  موسڵمان بونەوە  مەیان کەن  بە شەریکی  تێرۆریستانی  حەماس

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button