وەزارەتی دارایی پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی یاسای لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد

لڤین:

بەپیی بەڵگەنامەیەک کە لە ( ١٨ی ئایاری ٢٠٢١ ) دەرچووە و ئاڕاستەی ( سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران – سەرۆکایەتی دیوان ) کراوە و وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتووە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە،” هاوپێچ لەگەڵ نوسراوماندا نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری یاسایی لەسەر میلاکی وەزارەتەکەمان ژمارە ( ٥٦٠ لە ٤ / ٥ / ٢٠٢١ ) هەروەها نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسای سلێمانی ژمارە ( ٣١٤ لە ٣ / ٥ / ٢٠٢١ ) بۆ بەڕێزتان ڕەوانە دەکەین تایبەت بە ڕشنوسی پڕۆژە یاسای ( ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی یاسای لە هەرێمی کوردستان ) وە بۆ بەیاسا کردنی پڕۆژەکە وەک وەزارەت لاریمان نییە لەسەر.”

جیگەی ئاماژە پێدانە پرۆژە یاساکە لە ( ١٧ ) مادە پێکهاتووە و لەیەکێک لە ماددەکاندا هاتووە،” فەرمانبەری یاسایی دەرماڵەی مەترسی پێدەدرێت بەڕێژەی ( ٥٠ ٪ )ـی موچەی بنەڕەتی و ماوەی خزمەتی فەرمانبەری یاسایی بەخزمەتی دادوەری ئەژماردەکرێت.”

ماددەیەکی تری بریتییە لە،” فەرمانبەری یاسایی دەتوانێت لەپاش دەوامی فەرمی نوسینگەی راوێژکاری هەبێت بەمەرجێک هەشت ساڵ خزمەتی وەزیفی فیعلی لەبواری یاسادا هەبێت و کاریگەری لەسەر ئەرکە وەزیفییەکەی نەبێت.”

هەروەها  لە ماددەیەکی تردا هاتووە،” فەرمانبەری یاسایی خانەنشین دەکرێت بەڕێژەی ( ٦٠ ٪ )ـی کۆی گشتی دوایەمین موچە و دەرماڵەی کە لەکاتی خزمەتدا بەپێی یاسا بەرکارەکان وەریدەگرێت.”

سەبارەت بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵاتر، لە ماددەکاندا هاتووە،” کورسی خوێندنی باڵا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی هەرێم بۆ فەرمانبەرانی یاسایی دابین دەکرێت بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵای پسپۆڕی بێ ڕەچاوکردنی مەرجی تەمەن و نمرە.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button