لەنێوان بۆكان و مەهاباد شەڕ لەنێوان هێزە چەكدارەكانی ئێران و هێزێكی كوردیدا روویدا

لڤین:
درەنگانی شەوی چوارشەممە، لەسەر رێگەی نێوان مەهاباد و بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، دوو تێكهەڵچونی چەكداریی لەنێوان هێزە چەكدارەكانی ئێران و هێزێكی كوردی روویداوە و حەوت كەس لە هەردولا كوژراون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، کاتژمێر 11ی شەوی چوارشەممە 19ی 5ی 2021، لەسەر رێگای مەهاباد بۆكان و لە نزیك گوندی (قەرەبڵاغ) تێکهەڵچونێکی چەکداریی لە نێوان هێزەکانی ئێران و هێزەکانی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئێران هاتوەتە ئاراوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچونەدا سێ ئەندامی هێزەکانی ئێران کوژراون، دوای نیو کاتژمێریش لەو شەڕە لە شوێنێکی نزیک ئەو گوندە، هێزەکانی سوپای پاسداران دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێک کردوەو تێکهەڵچون هاتووەتە ئاراوە.
رێکخراوەکە لە زاری سەرچاوەکانیەوە ئاشکرایکردووە، لە تێکهەڵچونی دووەمدا، دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کوژراون و یەکێکی دیكەشیان دوای ئەوەی بریندار بووە بە دیل گیراوە. ئەفسەرێکی خەڵکی میاندواو و ئەندامێکی دیکەی سوپای پاسداران لەو تێكهەڵچونەدا کوژراون.
تا ئێستاش هیچ یەک لە حیزبە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچونەیان نەگرۆتە ئەستۆ. میدیاکانی ئێرانیش تەنها باسی تێکهەڵچونەکەیان کردووە بەڵام زانیاری وردین بڵاو نەکردووەتەوە.