پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەدا

لڤین:
تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەكانیان پێشكەشی دادگای پێداچوونەوە كرد، پارێزەرێکی دۆسیەکەش دەڵێت: داوامانکردووە سزاکەی سەر سزادراوان لاببرێت چونکە بڕیارەکە هەڵەی زۆری یاسایی تێدایە، دەشڵێت: چاوەڕێ دەكەین داواکەمان دەرئەنجامی باشی هەبێت.
لەسەر بڕیاری پەسەندكردنی سزای زیندانیكردنی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە، ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەكانیان پێشكەشی دادگاکە کرد.
ڕەمەزان ئەرتیسی، یەكێك لە پارێزەرانی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تانەكانمان گەیاندە دادگای پێداچوونەوە، تا بەشێوەیەكی باشتر سەیری كەیسەكە بكرێت، چونكە هەڵەی یاسایی زۆر تێدابووە.
وتیشی: چاوەڕێ دەكەین دەرئەنجامی باشی هەبێت، چونكە چەند هەڵەیەكی یاسایی لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە هەبووە.
ئەو پارێزەرە وتیشی: داوامان نەكردووە، لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوان دەربكرێت، بەڵكو داوامانكردووە، سزاكەیان لەسەر لاببرێت و كەیسەكە دابخرێت و ئازاد بكرێن.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکدا محەمەد عەبدوڵڵا پارێزەرێکی دیکەی كەیسەكە، لەبارەی دۆخی سزادراوانی بادینان وتی: ڕێگەیان پێنەداین دەستگیركراوان ببینین، بۆیە نازانین ڕەوشیان چۆنە، هەروەها وتی: کە تەنانەت ڕێگە كەسوكاریشیان نادرێت، سزادراوان ببینن.