کۆنگرەی پارتی، لە پشت پەردەوە.!

کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە دوادەخرێت و کاتی ئەنجامدانیشی دیاری نەکراوە، رەنگە کەم کەس ھەبێت نەزانێت یاخود بتوانێت بڵێت من بێ ئاگام و ھۆکارەکەی نازانم، بەڵام ئەوەی لە پشتی پەردەوە دەگوزەرێت زۆر خراپترە لەوەی ئێمە لە میدیا سێبەرەکانی خۆیانەوە ھەستی پێ دەکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی بە تایبەتر، ئێستا لە دۆخێکی زۆر قوڵی ململانێی ناوخۆیین، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ھەرێم زیاتر دەردەکەوێت وەک ئەو بڕیارانەی لەسەر چارەنووسی رۆژنامەنووسانی بادینان بینیمان، قوڵبونەوەی زیاتری ململانێکان ھیچ دور نیە دۆخی ئەمنی ھەولێر و بادینانیش تێکبدات، ئەوەی جێگای پرسیارە لێرە، سۆرانییەکانی ناو ئەو حزبەن کە زۆرینەن بەڵام ھیچ کاریگەریەکان نیە لە چاک کردنی ئەو حزبە یاخود خستنەوە سەر رێچکەی ئاسایی خۆی، بگرە وەک خەڵکی دەرەوەی پارتی ھەر سەیری دۆخە دەکەن و ھەندێکیان ئاگاداری ڕوداوەکانی ناو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیش نین، وەک خەڵکی ئاسایی لە میدیاکان ھەندێک ھەواڵ دەبیستن و دەبینن.

ھەموومان مافی ئەوەمان ھەیە پرسیار بکەین بۆچی کۆنگرەی پارتی ناکرێت؟ ھۆکاری دوبارە دواخستنی کۆنگرە چیە؟ بۆ ھەموومان ڕوونە باڵی مەسرور بارزانی لە رابردوو ھەم لە بەڕێوبردنی ئەمنی ھەم لەناو حزب ڕووبەڕووی شکستێکی زۆر بوونەوە، ئێستاش دۆخی حکومەت و بەرێوبردنی حکومڕانیەکەی دەبینین ئیتر ئەو دۆخە خراپەی مەسرور بارزانی  وای کردووە ھەوڵی ئەوە بدات شانەکە بەسەری نێچیرڤان بارزانیەوە بشکێنێت، نێچیرڤان بارزانیش پاروێکی وەھا ئاسان نیە قوت بدرێت، ئەویش یارییەکی زۆر نەرم و لەسەرخۆ دەکات.

مەسرور بارزانی داوای کردووە کۆنگرە بە مەرکەزی بکرێت و راستەوخۆ لە نێوان خۆیان مەکتەب سیاسی و سەکردایەتی تازە ھەڵبژێرن، داواکردنی کۆنگرەیەکی لەو شێوەییە بە بیناوی ھەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆرنا رەنگە تەنیا بۆ کەسە نزیکەکانی خۆی جێگای باوەڕبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی زۆر وردتر یارییەکە دەکات، بەڵام لە ھەمانکاتدا ھیچ دور نیە ئیدریسی کوڕی بھێنێتە پێشەوە و رەنگە ئامادەکاریی تەواوی کردبێت بۆ ئەوە ئیدریسی کوڕی بکات بە ئەندامی سەرکردایەتی، بوون بە سەرکردایەتی ئیدریس بارزانی یەکەمین وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەبێت بۆ مەسرور بارزانی، چونکە مەسرور بارزانی ئاگادارە ئیدریس گەنجێکی توڕەیە و لە باوکی ناچێت، زانیاری ئەوەش ھەیە کەسە نزیکەکانی نێچیرڤان بارزانی کاتێک لە پاراستن بانگ دەکرێن یاخود رووبەروی لێکۆلینەوە دەبنەوە خۆیان دەخەنە پشتی ئیدریس بارزانی و ئەویش پشتگیری تەواویان دەکات.

لە ماوەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک وێنەی بە ریشی سپیەوە بڵاوکردەوە، لێکدانەوەی زۆر بۆ ئەو وێنانە کران گوایە پەیامە بۆ دۆخی خراپی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی ھەن کەسە نزیکەکانی مەسرور بارزانی باسیان کردووە پەیام بووە بۆ مەسرور بارزانی و ھێنانە پێشوەی ئیدریس بارزانی، راستەوخۆ  نێچیرڤان بارزانی کوڕەکەی دەکات بە ئەندامی سەرکردایەتی و بە مەسرور بارزانی دەڵێت؛ من کەوتومەتە تەمەن و ڕمی یارییەکان دەدەم بە کوڕەکەم و ئەگەر تۆ پێتوایە بە توڕە و توندی توانبێتت خۆت سەلماندبێت کوڕەکەی منیش وەک تۆ توڕە و توندە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی شەڕی ناوخۆی پارتی و باڵی مەسرور بارزانی دەخاتە ئەستۆی کوڕەکەی و خۆشی خەریکی پتەوکردنی پەیوەندیەکانی دەبێت لەگەڵ حزبەکانی ھەرێم و عێراق و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی، ئەمەش ھەموو ریسەکەی مسرور بارزانی دەکاتەوە خوری کە خەیاڵی ئەوەی ھەبوو جڵەوی پارتی لە دوای باوکی بگرێتە دەست.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button