خەریکن نێچیرڤان بارزانییمان لێ دەکەنە فریادڕەس

خەریکن نێچیرڤان بارزانییمان لێ دەکەنە فریادڕەس، وەک بڵێی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوەی ئەو کارەساتانەی لە وڵاتی ئێمە دروستکرد هەر خودی نێچیرڤان بارزانیی نەبووبێت.

مەگەر کێ هەیە هێندەی نێچیرڤان بارزانی بەرپرسیار لەو دۆخەی هەیە. ٢٠ ساڵە هەموو رەخنەکانمان لەو سیستەمە بووە کە نێچیرڤان جێبەجێکارەکەی بووە لە هەرە لوتکەدا، کەچی لەو زانکۆیەدا کە هی گشتیی بوو کردی بە تایبەت و کوڕەکەی خۆی کردە سەرۆک کە کەس نازانێ بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیشی هەیە یا نا، ماستاوی بۆ دەکەن، بە شانوباڵیدا هەڵدەڵێن و دەیانەوێ لەسەر دەستی وی خەڵک دڵخۆش بکەن.

نێچیرڤان بارزانی تەنها لەبەرئەوەی لەگەڵ ئامۆزاکەی و ماڵە خەزورانی لە ململانێدایە، تەنها لەبەرئەوەی دوو قسەی باشی لە مەسەلەی بەناهەق-حوکمدراوان کردوە، نابێتە فریادڕەس. ئەوەی پێویستە بخرێتە زبڵدانی مێژوو ئەو ٢٠ ساڵەیە کە نێچیرڤان لە لوتکەی دەستەڵاتدا بوو.

بەڵام ئەوە تەنها یەک شتمان پێ دەڵێت: ساقیتبوونی پڕۆژەی یەکێتی ١٩٧٥ و گۆڕانی ٢٠٠٩ و ئیسلامییەکانی شاخ و شار و ئەو دەنگە ئازادیخوانەشی دوای ٢٠٠٣ دەرکەوتن لە بەرانبەر پڕۆژەی خۆسەپاندن و بنەماڵەگەرایی و کۆنەپارێزیی بنەماڵەی بارزانیی.

ئەوەی پێیوابێت نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانیی شتێکی جیاوازیان پێیە بۆ گەل و نیشتیمان، خەڵک دەگەوجێنێت. ئەوان تەنها لە بەکارهێنانی وەسیلەکاندا جیاوازن نەک لە ئامانجدا. هەردووکیان دەیانەوێت ئارین و ئیدریس، سەرداری سەر زەویی و بنزەویی کوردستان بن.

ئەو زاکیرە کورتەی ئێمە چەندە جێی پێکەنینە!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button