ئەنجامدەرانی هێرشە خۆکوژییەکانی بەغدا عێراقی بوون”

 

سوپای عێراق، ناسنامەی ئەو دوو خۆکوژەی ئاشکراکرد کە پێنجشەممەی رابردوو لە ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە و رایگەیاند ھەردوو خۆکوژەکە عێراقی بوون.

لەوبارەوە لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی ئەوە زانیارییانەی کە دەستی ھێزە ئەمنییەکان کەوتوون، دەرکەوتووە ئەو دوو خۆکوژەی کە پێنجشەممەی رابردوو لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە، ھەڵگری رەگەزنانەی عێراقی بوون.

لیوا یەحیا رەسول وتی”پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی خۆکوژێکی سعوودی بڵاوکرابوویەوە کە گوایە یەکێک لە خۆکوژەکانی گۆڕەپانی تەیەران، بەڵام ئەوە ھیچ راست نییە، چونکە ئەو خۆکوژە پێشتر لە سعوودیە خۆی تەقاندووەتەوە”.

هەروەها باسی لەوەشکرد کە ھێزە ئەمنییەکان لەبارەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کردەی تیرۆریستی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدا، زانیارییان بەدەست گەیشتبوو، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە گۆڕەپانی تەیەران-ی بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا، ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ کەسی دیکەیش برینداربوون.

پێشتر چەکدارانی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاندبوو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button