یەکێک لەو تۆمەتبارانەی کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی کەلاریان فەلاقەکردبوو دەستگیرکرا

لڤین:

ئاسایشی گەرمیان، یەکێک لەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراوە کە مانگی رابردوو لەسەر رێگای نێوان قەرەتەپە و کۆکس رێگریان لە هاوڵاتییەک کرد و پاش لێدان و فەلاقەکردنی، ئۆتۆمبێلەکەیان رفاند.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،” ڕۆژی ٢٠ / ٤ / ٢٠٢١ لەلایەن سێ کەسەوە کە لە ئۆتۆمبیلێکی جۆری مسیبۆشی لانسەر تاکسیدا بوون، لە ڕێگای نێوان قەرەتەپە و کۆکس ڕێگایان لەهاوڵاتیەکى کورد بەناوى (محموود محمد فرەج) دانیشتووی کەلار گرتووە کە لە سنوورى ناحیەى جەبارە بەنزینخانەى هەیە و هەڵدەستن بە لێدان و فەلاقە کردنی هاوڵاتی ناوبراو و بە برینداری بە جێی دەهێڵن و ئۆتۆمبیلەکەشی دەڕفێنن.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” دواتر هاوڵاتی ناوبراو چووەتە یاریدەرێتی ئاسایشی کۆکس و سکاڵای تۆمارکردووە و دەستبەجێ هێزەکانی یاریدەرێتی ئاسایشی کۆکس سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و بەدوادا چوون کردووە و توانراوە لە ڕێگای کامێراکانی چاودێرییەوە تاوانباران دەستنیشان بکرێن و لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوەوە بەپێی ماددەى (٤٤١)ی.س فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەرسێ تۆمەتبارەکە دەرکراوە.”

هەروەها هاتووە،” سەرەنجام ڕۆژى ١٧ / ٥ / ٢٠٢١ توانراوە لە لایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە زاڵگەى باناسیاو یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوى (ئ  ق خ ) دەستگیربکرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو  ئۆتۆمبیلەی کە تاوانەکەیان پێ ئەنجامدابوو و بۆ ئەوەى ئۆتۆمبیلەکە نەناسرێتەوە هەستابوون بە دەستکاریکردن و گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکەیان”.

ئاسایشی گەرمیان، ئاشکرایشی کردووە،” دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، ئۆتۆمبێلکە گەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنەکەى ”.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە،” لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تاوانباری ناوبراو دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی هەردوو تۆمەتبارەکەى تر و رووبەرو کرنەوەیان بە یاسا ”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” هەرسێ تۆمەتبارەکە بەڕەچەڵەک عەرەبن و دانیشتووى سنووری قەزای شارەبانی سەر بە شاری بە عقوبەن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button