ئەمڕۆ (29) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

لڤین:

ئەمڕۆ (29) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و بەو بۆنەیەوە سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەکابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورەو بەرجەستەکردنی ئیراده‌و خواستی گه‌له‌كه‌مان بوو.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:

پەیامی سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

به‌بۆنه‌ی (29) بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانییانی ئازیزو خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ھەلومەرجێکی سەخت و دژواری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیرو تەژی لەئاڵنگاریی ناوخۆیی و ئیقلیمی، بڕیارێكی بوێرانه‌ی بەرەی کوردستانی و سه‌ركردایه‌تیی سیاسی بوو، لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە مێژووییەکانی گەلەکەماندا.

هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەکابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورەو بەرجەستەکردنی ئیراده ‌و خواستی گه‌له‌كه‌مان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەری، هاوکات خواستی گەلێکی سته‌ملێكراو بوو بۆ دیموكراسییه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌  سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتکراوەکانی.

له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك دامەزراوەیەکی دەستووریی هەرێم، لەسنووری دەستڕۆییەکانی خۆیدا بەبێ جیاوازی ئاین، نەتەوەو ئینتیمای سیاسی، هەوڵدەدات بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نەتەوەیی و نیشتمانییە‌ باڵاكان و نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتییان لەبەدیهێنانی ماف و داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان و بەجێھێنانی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین، کەدەستکەوتەکانی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێنی گەشی شەھیدانە، دروود بۆ ڕۆحی پاک و بەرزەفڕیان.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان

2021/5/19

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button