شاندى دانوستانکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه‌

لڤین:

جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم لەگەڵ کونسوڵى ئه‌ڵمانیا له‌هه‌رێمى کوردستان، کۆبونه‌وه‌ ئاشکرای کردووە که‌ هه‌فته‌ى داهاتوو وه‌فدى دانوستانکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه‌

نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم، ئه‌مڕۆ ( سێشه‌ممه‌ ١٨ى ئایارى ٢٠٢١ )، بڵاویکرده‌وه‌،” قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ کلێمنس سێمتنه‌ر کونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانیا کۆبوه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ و کۆمه‌ڵێک پرسى تریان تاوتوێ کرد.”

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،”له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا قوباد تاڵه‌بانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا له‌ دواى تێپه‌ڕاندنى یاساى بودجه‌ى ( ٢٠٢١ )په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێکى زۆر باشدایه‌ و هه‌فته‌ى داهاتو شاندى دانوستانکارى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا ده‌کاته‌وه‌ بۆ دیاریکردنى میکانیزمه‌کانى جێبه‌جێکردنى یاساى بودجه‌.”

ئاماژە بەوەیش دراوە کە،” له‌ به‌شێکیترى کۆبونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى هه‌ڵبژاردنى گشتى داهاتوى عێراق کراوه‌ و هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ ده‌بێت کار بکرێت به‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنێکى پاک و بێگه‌رد.”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،”هاوکات هه‌ر له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى دواین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌کانى ناوچه‌که‌ و هه‌رێم کراوه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ردولا هاوڕابون که‌ ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى فیدرال و هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ هاوکارى وڵاتانى دۆست و هاوپه‌یمان پێکه‌وه‌ کارى زیاتر بکه‌ن له‌پێناو سه‌قامگیرى زیاترى عێراق به‌ هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button