وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێککاری یاسای دژی چەند کەناڵێک دەگڕیتەبەر

لڤین:

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم، ڕێککاری یاسایی دەگرینە بەر بەرامبەر ئەو دەزگا و کەناڵانەی کە ڤیدیۆی ئەو هاووڵاتیەیان پەخش کردبێت.

پاش بڵاو بوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆی کە تێیدا وادەردەکەوێت هاووڵاتیەک کە پەنابەرە و ناوى محەمەد و خەڵکى بۆکانە و ماوەى چوار ساڵە لەهەرێمى کوردستانە لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر  لەبەردەم کامێراى کەناڵەکانى راگەیاندن وەستاوە و چەرخێک و دەبەیەک بەنزینى بەدەستەوەیە و ئاگر لەخۆى بەردەدات و لەماوەیەکى کورتدا دەکەویتە سەر زەوى و کەسێک کە لەگەڵیدا بوو بەخێرایی دەیکوژێنێتەوە و پاش ماوەیەک مانەوەى لەسەر زەوى، پەنابەرەکە کە بەشێکى جەستەى سوتابوو بە یارمەتى چەند کەسێکى دیکە هەستایەوە سەرپێ و بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتنى نەتەوەیەکگرتووەکان گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

شیروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ( ١٨ی ئایاری ٢٠٢١ ) لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاندووە، “دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە میانی پەخشی ڕاستەوخۆداو بە ئامادەبوونی پەیامنێرو وێنەگری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن گەنجێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سوتاندو ئەوان ڕێگرییان نەکردو ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردووەتەوە، وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێککاری پێویست دەگرینە بەر.”

هەروەها ئاماژەی بەوەیشداوە کە،” لەسەر داواکاری وەزیری ڕۆشنبیری لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ دەوام تاوەکو ڕێککاری پێویست لەگەڵ ئەو دەزگایانە بگیرێتەبەر کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە، چونکە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە نوسراو ئاگاداریان کردوون لەوەی ڕێگری بکەن لە دیمەنی توندوتیژی و خۆ کوشتن.”

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا داوایەکی ئاڕاستەی داواکاری گشتی هەرێم کردووە و ووتویەتی،” هەرچی زووە داواکاری گشتی بێتە دەنگ و سکاڵا دژی ئەو پەیامنێرو وێنەگرانە تۆمار بکات کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و ڕێگرییان نەکردووە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوەشکردووەتەوە،” هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڤیدیۆی خۆسوتاندنی ئەو گەنجەی بڵاوکردبێتەوە بەپێی یاساکان ڕێککاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button