پۆلیسێک لە ماڵەکەیدا خۆی کوشت

لڤین:
هێزێکی پۆلیسی دیالە دەچنە سەر ماڵی پۆلیسێکی گەرمیان، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان-یش دەڵێت: پۆلیسەکە خۆی ڕادەستی هێزەکە نەکردووە و کۆتایی بە ژیانی خۆیهێناوە.
داوای ئەوەی شەوی رابردوو هێزێکی پۆلیسی دیالە دەچنە سەر ماڵی کارمەندێکی پۆلیسی گەرمیان، پۆلیسەکە خۆی ڕادەستناکات و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
لەو بارەیەوە عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاگەیاند “شەوی رابردوو هێزێکی پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دیالە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کارمەندێکی پۆلیسی گەرمیان لە قەزای خانەقین، بەڵام کارمەندەکە خۆی رادەست نەکردووە و بە دەمانچە خۆی کوشتووە”.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئاشکراشیکرد کە ئەو پۆلیسە ناوی (مەروان ئەحمەد خەلیل)ە و دانیشتووی قەزای خانەقینە، لەئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی خانەقینە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە پێکهێنراوە.